موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی:
کەمتر له پێنج مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوڕدستان، لە شار و شارۆچکەکانیش خەڵک بۆ کاندید بوون سیڤی خۆیان پێشکەش کردووە، بەڵام لە سیدەکان هیچ کەس بۆ ئەو پۆستە بە فەرمی سیڤیان پێشکەش نەکردووە.
ئیسماعیل مەلا بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ” سیدەکان “ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” تا ئێستا هیچ کەس لە سنووری قەزای سیدەکان و لیژنەی ناوچەمان، سیڤی خۆی پێشکەش بە ئێمە نەکردووە تا پشتگیری بکەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یان ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سیدکان، دەڵێت:” لە سنوورەکەمان ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەری لێیە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابڕدوو لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پاریزگاکان، سیدەکان کاندیدی خۆی هەبووە، دڵنیاین لەم هەڵبژاردنەش خەڵک سیڤی خۆی پێشکەش دەکات و کاندیدمان دەبێت بەڵام کاتەکە ماوە و چاوەڕوانی ڕێنمایی سەرووی خۆمان دەکەین.
ئەو بەرپرسە ناشی شارێتەوە، چەند کەسێک تمووحی کاندید بوونیان هەیە و جمووجۆڵیشیان هەیە، بەڵام هێشتا بە فەرمی سیڤی خۆیان پێشکەش نەکردووە.
پێشتر، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
قەزای سیدەکان نزیکەی 14 هەزار دەنگدەری بۆ هەڵبژاردنی 2024 دەبێت، لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزب زۆرینەی دەنگی بە دەستهێنا و توانی نزیکەی شەش هەزار دەنگی دەڤەرەکە بە دەست بهێنێت.