مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماوەی ساڵێكە گلەیی لە پۆشینی جلوبەرگی فەرمانبەران دەكرێت و لە كۆتایدا وەزیری دارایی شێوازی جلوبەرگی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دیاری كرد و لەبەركردنی جلوبەرگی كورت و تەسكی لە فەرمانبەرانی قەدەخە كرد و دەڵێ ” فەرمانبەران پێویستە جلی فەرمی لەبەر بكەن.”
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی بانك و دەستەكان و سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەی كردووە، فەرمانبەران ناچار بە پابەندی لەبەركردنی جلی فەرمی دەكات.
لە نووسراوەكەی وەزیری دارایی عێراق هاتووە، پێویستە فەرمانبەران خۆیان بە دوور بگرن لە پۆشینی جلی تەسك، كاوبۆ و جلی كورتی ورژێنەر، یان ئەو جلوبەرگانەی ڕەنگەكانیان زۆر زەق بێت، هاوكات لە خاڵێكی تری نووسراوەكەدا ئەوەش هاتووە كە فەرمانبەرانی ئافرەت نابێت مەیكئەپەكەیان تۆخ بێت.
وەزیری دارایی عێراق فەرمانبەرانی پیاویشی بێ بەش نەكردووە لە ڕێنمایییەكانی و لە خاڵێكدا باسی لەوە كردووە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە پیاوان جوانكاری و تاتۆ بكەن لەسەر جەستەیان.
داواكاریشە فەرمانبەرانی پرسگەش بە هەمان شێوە جلوبەرگی فەرمی لەبەر بكەن و بەشداری لە خولەكانی تایبەت بە شێواز و چۆنیەتی مامەڵەی دروست بكەن لەگەڵ هاووڵاتییان.