مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كچێكی بەریتانی تەمەن پێنج ساڵان، دوای بڵاوكردنەوەی كتێبێك ژمارەیەكی پێوانەیی لە جیهان تۆمار دەكات.
ساڵی ڕابردوو بێلا جەی دارك ی بەریتانی، تەمەنی تەنیا پێنج ساڵ و 211 ڕۆژ بوو، كاتێك بە نووسین و بڵاوكردنەوەی كتێبێك، ناوی وەك بچووكترین نووسەری كتێب لە پەرتووكی گینس بۆ ژمارە پێوانییەكان تۆمار كرا.
كتێبەكەی بێلا بە ناونیشانی (پشیلە ونبووەكە) یە و باس لە سەركێشی پشیلەیەك دەكات كە لە نیوە شەوێكدا ون دەبێت و دواتر لە پێناو گەڕانەوەی بۆ ماڵهوه ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە. تا ئێستا نزیكەی 3 هەزار دانە لە كتێبەكەی فرۆشراوە و لە ئێستادا بێلا بیر لە نووسین و بڵاوكردنەوەی پەرتووكی دووەمی خۆی دەكات .
بێلا لەبارەی بیرۆكەی نووسینی كتێبەكەی دەڵێت “بیرۆكەكە لە وێنەكێشانێكەوە دەستی پێكرد، ئەو كاتەی باوكم پێی گوتم كە دەتوانم كتێبێك بنووسم، چیرۆكەكەش لە وێنەكەوە هاتووە.”
هەر وەكوو دایكی بێلا ئاماژەی بۆ دەكات لە تەمەنی سێ ساڵییەوە بێلا خۆشەویستی و حەزی زۆری هەبووە بۆ پەرتووك و خوێندنەوە و دەڵێ “كاتێ بێلا گوتی كتێب دەنووسم، ئێمە دڵنیا بووین كە دەتوانێت كتێب بنووسێت، بەڵام لەو باوەڕە دانەبووین بەو شێوەیە لە لایەن خوێنەرانەوە پێشوازی لێ بكرێت و ئەو نازناوە گەورەیەش بەدەست بهێنێت.”
بێلا زۆر خۆشحاڵە كە وەك بچووكترین نووسەر لە جیهان ناسراوە و دەڵێت: “ویستم ببمە نووسەر، زۆر حەزم لە وێنەكێشان و نووسینە، لە داهاتووش بەردەوام دەبم.”
بێلا بە ماوەی پێنج ڕۆژ كتێبەكەی تەواو كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بێلا جگە لە دوا وێنەی كتێبەكە، تەواوی وێنەكانی تری نێو پەرتووكەی بە دەستەكانی خۆی كێشاوە.