زاری كرمانجی-سۆران:
دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری راگرتنی رادەستكردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی هەڵوەشاندەوە، كە پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێتەوە.
بە گوێرەی نووسراوێكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاری راگرتنی رادەستكردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان هەڵوەشێنرایەوە و نووسراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، داواكاری پەرلەمانتارێك سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ رادەستكردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان رەتكراوەتەوە و بڕیاری راگرتنی رادەستكردنەوەش هەڵوەشایەوە.
ئیدارەی خۆسەپێنی شارەكە كە لە دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە دەسەڵاتی شارەكەی گرتووەتە دەست، بە پشتیوانی بەشێك لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەكانی حەویجە و ناوچەكانی دیكەی باشووری كەركووك، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی كورد لە بەڕێوەبردنی شارەكە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دژایەتییەكی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن.
دوای نزیكەی ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سوودانی، كە یەكێك لە خاڵەكان كارنامەی پەسەندكراوی كابینەكە لە پەرلەمانی عێراق، رادەستكردنەوەی بارەگا داگیركراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە كەركووك و پارێزگاكانی دیكە، لە نوێترین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی جەختی لەسەر كرایەوە.
یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی كابینەكەی سوودانی كە (27ـی تشرینی یەكەمی 2022) لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا و تێیدا ئەنجامدانی چالاكی سیاسیی سەرجەم پارتە كوردستانییەكان لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە بەشێوەیەكی ئازادانە دووپاتكراوەتەوە و كاریشدەكات بۆ چۆڵكردنی بارەگا داگیركراوەكانی پارتە كوردستانییەكان لەو پارێزگایانە، كە ئەمەش دەبێتە رێگەخۆشكەر بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆر لە خێزانە ئاوارەكانی شاری كەركووك و ناوچەكانی دیكە، كە بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ناوچەكانی خۆیان چۆڵكردووە.
بە گوێرەی نووسراوێكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاری راگرتنی رادەستكردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان هەڵوەشێندرایەوە و نووسراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، داواكاری پەرلەمانتارێك سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ رادەستكردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە پارتی رەتكراوەتەوە و بڕیاری راگرتنی رادەستكردنەوەش هەڵوەشایەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو جۆرە داوایە لە تایبەتمەندی كار و دەسەڵاتەكانی ئەو نییە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە سكاڵاكەی رەتكردووەتەوە و فەرمانی پێشووی خۆشی بۆ هەڵپەساردنی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی هەڵوەشاندووەتەوە.
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: دادگای فیدراڵی ئەو كات بڕیارێكی كاتی دەركرد، ئەو بڕیارە بۆ ئەوە بوو كە بارودۆخەكە ئاڵۆز نەبێت، بڕیاری دا رادەستكردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی یان بارەگای مەكتەبی رێكخستنی كەركوك و گەرمیانی پارتی بە شێوەیەكی كاتی رابگیرێت، پێش دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و پارتی ئێستا دەتوانێت سەرجەم بارەگاكانی لە كەركووك، خانەقین و مووسڵ وەربگرێتەوە.