زاری كرمانجی- سۆران:
كارگێرێكی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت : تا ئێستا زیاتر لە 100 كەس سیڤییان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتیمان بكرێنە كاندید.
عوسمان قادر، زیاتر بۆ زاری كرمانجی دواو گووتی: ئەو ناوانەی لەبەر دەستن تا ئێستا پێداچوونەوەمان بۆ نەكردووە، لەبەر ئەوەی هێشتا رێنماییەكانمان بۆ نەهاتووە، هەر كاتێ رێنماییەكانمان بۆ هاتن، بەپێی رێنماییەكان گفتوگۆ لەسەر ناوەكان دەكەین”.
عوسمان قادر، كارگێری لقی 10 زیاتر روونیكردەوە:” ئەمجارە دەستنیشانكردنی كاندیدەكان لەسەر بنەمای شارەزایی و لێهاتوویی دەبێت، بێ گومان ئەو كەسانەی سیڤییان پێشكەش كردووە، هەموویان كەسانی دڵسۆز و لێهاتوون، بەڵام لە نێو ئەو هەموو كەسە بێ گومان تەنها چەند كەسێك وەك بەشی لقی 10 دیاری دەكرێن و ئەركیان پێ دەسپێردرێت، ئەوەش بەو مانایە نییە ئەوانی دیكە جێگەی متمانە نەبن، بەڵام رێژەكە هەر هێندە هەڵدەگرێت”.