ئيسماعيل ئيبراهيم
ئەوەی چەند ڕۆژە لە غەززە دەگوزەرێت چەندین ساڵە لە ڕۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت و زۆر جێگەی نیگەرانییە، كوشتن، وێرانكاری، بۆردوومانی ژن و منداڵ و خەڵكی سڤیل و ئاوارە بوون، چەند ساڵە بەردەوامە، وڵاتانی عەرەبی بە فلستینیشەوە بە گرووپەكانی دیكەشی وەك حەماس، حیزبوڵڵا، حەشدی شەعبی و هەموو حزب و ڕێكخراوە عەرەبییەكان لە چەپ تا ڕاستەوە لە دیموكراتیخواز تا نەتەوەپەرستەكان یەك كەسیان وشەیەكیان لەسەر چەوسانەوە و كوشتنی كورد لە ڕۆژئاوا قسەیەكیان نەكردووە، بەڵكوو پێیانوایە كارێكی باشە نەتەوەی كورد لە ڕۆژئاوا یا هەر پارچەیەكی دیكەی كوردستان چی بەسەر بهێندرێت.
یەك كەس لەوانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان كێچ كەوتووەتە كەوڵیان بۆ غەززە، نەیانگووت ئامادەین بچین بۆ جەنگ دژی ئەو غەدرەی لە ڕۆژئاوا لە ئاست كورد و مرۆڤایەتی دەكرێت، كەسێكی بێ تاوانیش بە هۆی توركیای داگیركەرەوە شەهید ببێت، كەناڵە هەڵخەلەتێنەرەكانیان پێیان دەڵێن كوژرا ، گیانی لەدەستدا، بوونە قوربانی.
هەر مرۆڤێكی كورد لە كاتی بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان گیان بسپێرێت بە مەزنترین شەهیدی دەزانم، ئەو ژن و منداڵانەشی دەكەونە بەرهێرشە دڕندانەی داگیركەرەكانەوە، بە چەندجار شەهیدیان دەزانم.
یەكەم لەبەر ئەوەی ئەوانەی هێرش دەكەنە سەر كوردستان و كورد شەهید دەكەن هەموویان بە ئاین ئیسلامن، دووەم لەسەر خاكی خۆیان و لە پێناو كەرامەتی خۆیان شەهید دەبن، سێیەم كورد لە هەموو ئەو نەتەوانەی كە هێرش دەكەنە سەر كوردستان زیاتر پابەندی ئایینە.
بۆیە ئەم هەرایەی ئەو كەسانە دروستیان كردووە، جگە لە بە لارێدابردنی تاكی كورد هیچی دیكە نییە، ئەوانەی قسەی قەبە دەكەن لەسەر غەززە و هانی تاكی كوردی دەدەن بچنە بۆ جیهاد، خێرە بە خۆیان و خێزان و ئەندامانی بنەماڵەكەیان ناچن؟