سوپای ئیسرائیل چاوەڕێ كاتژمێر سفر دەكات بۆ هێرشكردنە سەر باكووری غەززە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەفتەیەك بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس تێپەڕ دەبێت، تا ئێستا شەڕەكە لە چەند بەرەیەكەوە بەردەوامە، سوپای ئیسرائیل ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ ئەوەی لە باكووری غەززەوە هێرشی وشكانی دەست پێ بكات و ئۆپەراسیۆنی كێوماڵكردن و پاككردنەوەی چەكدارانی حەماس لە نێو شارەكە بكات، هەر وەكوو بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیل گۆتەنی ئەمە دوا دەرفەتی مانەوەی حەماسە لە سەر زەوی فەلەستین، حەماسیش لە ڕاگەیاندراوەكانی خۆیاندا خۆزگە بە هاتنە ژوورەوەی سەربازانی ئیسرائیلی دەخوازن بۆ نێو غەززە و دەڵێن دۆزەخ چاوەڕێتانە.
ژمارەی كوژراوانی نێوان هەر دوو لا ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە و زۆربەی قوربانییانیش خەڵكی سڤیل و منداڵن.
دواین ئاماری كوژراوانی حەوت ڕۆژی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ سێ هەزار و 200 كەس بەرزبوونەتەوە و زیاتر لە 11 هەزار كەسیش برینداربوونە.
دوێنێ هەینی 13ی تشرینی یەكەمی 2023، تەندروستی غەززە ئاماری قوربانیانی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند ” تا ئێستا هەزار و 900 كەس كوژراون لەنێویاندا 614 منداڵ هەن، هەروەها زیاتر لە حەوت هەزار كەسیش برینداربوون.”
ئاماری قوربانیانی ئیسرائیلیش بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەكانی ئیسرائیل، نزیكەی هەزار و 300 كەس لەو وڵاتە كوژراون و سێ هەزار و 227 كەسی دیكەش برینداربوون.
ئیسرائیل نیازی هێرشكردنی وشكانی هەیە بۆ سەر كەرتی غەززە، بۆیە سوپای بەرگری ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانییەوە دوا پەیامی هۆشداری خۆیان بۆ دانیشتووانی غەززە، بە بڵاوكردنەوەی هەزاران كۆپی نامەیەكی نووسراو بوو لە ئاسمانی شارەكە و داوا لە دانیشتووانی شاری غەززە دەكات كە ڕێكخراوە (تیرۆریستییەكان) جەنگیان دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەستپێكردووە و شاری غەززە بووە بە گۆڕەپانی شەڕەكە، بۆیە داوایان لێ دەكات كە بەزوویی ماڵەكانیان بەرەو باشووری دۆڵی غەززە چۆڵ بكەن، لە نامەكە نووسراوە ئەمە لەپێناو ئاسایش و سەلامەتیتانە، هەروەها ئەوەش نووسراوە كە نابێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانتان تا لە كاتێكی تردا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئاگادار دەكرێنەوە.
دوای نامە هۆشدارییەكەی ئیسرائیل، بە ههزاران هاووڵاتي دانيشتووى كەرتی غەززە باكووری شارەكەیان جێهێشت، بە پشتبەستن بە ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان لە دەستپێكی شەڕەكەوە نزیكەی 430 هەزار كەس لە كەرتی غەززە ئاوارەبوون و له ئێستادا رێژهكه زياتر بووه .
چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە بە هێرشی وشكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە شەڕەكە دەچێتە قۆناخێكی تر و فراوانتر دەبێت .