ئەم مانگەدا لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركییەوە دووجار كەمپی مەخموور كرایە ئامانج زیانی گیانی و ماددی بەر دانیشتووانی ئەم كەمپە كەوتووە
پێشەوا هەورامانی گووتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند ” بەردەوامی هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر كەمپی مەخموور دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی جموجۆڵی چەكداری لە ناو كەمپەكە”.
ئەم لێدوانەی گووتە بێژی حكومەت لە دوای ئەوە هات كە دوێنێ هەینی 13ی ئۆكتۆبەری 2023 بۆ جاری دووهەم لەم مانگە كەمپی مەخموور بە دۆرنەوە بۆردوومان كرا . پێشەوا هەورامانی زیاتر روونیكردۆتەوە “كەمپی مەخموور بیانووی داوەتە دەست لایەنی بۆردمانكەر. گەر جمووجۆڵی چەكداری لەناو كەمپەكە نەبێت، توركیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆ بۆردمانكردنی كەمپەكە. كەمپەكە بۆ ژن و منداڵ دروستكراوە، حەق نییە جوڵەی چەكداری تیا هەبێت و توركیاش ئەو گومانەی هەیە.”
لە بارەی هەڵوێستی حكومەیشی هەرێمیشەوە هەورامانی روونیكردۆتەوە كە “ڕای حكوومەتی هەرێم ڕوونە، دەبێت هەردوولا كێشەكان ببەنە دەرەوەی هەرێم. ئەركی عێراقیشە بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەكەی، ڕێگری بكات لە هێنانی بەریەككەوتن بۆ ناو خاكی كوردستان.”