د. ئازا – زاری كرمانجی:
یاری پاڕاگلایدەر یەكێكە لە یارییە ناوازە و سەرنج ڕاكێشەكان كە یاریزانەكان لە ڕێگەی پەڕەشوتەكانیان بە ئاسمان دا دەفڕن، یاری پاراگلایدەر لە 5 كەل و پەلی سەرەكی پێك هاتووە كە بریتین لە: شوێنی دانیشتن، پەڕەشوتی فڕین، یەدەگی فڕین، ئامێری پەیوەندی و كڵاوی پارێزەری كە لە سەری مرۆڤ و باشترین و خۆشترین كەش بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە ئەو كاتەیە كە خێرایی با لە نێوان ٧ تاوەكو ١٥ كم بێت لە كاتژمێرێكدا.
فەرهاد ئیبراهیم رەسوڵ، یاریزانی پاراگلایدەر و دانیشتووی قەزای ڕواندز، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: من تاكە یاریزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانم كە بەشداری لە پاڵەوانییەتی فڕین بە پاراگلایدەر دەكەم لە ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی كوردستان، خۆشبەختانە توانیومە تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٤٥ كاتژمێر فڕین لە یاری پاراگلایدەر ئەنجام بدەم.
یاریزان فەرهاد، گوتی: هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای بێ وێنەم هەبوو بۆ ئەو یارییە، بەڵام گرفتەكە لەوەدابوو كە كەل و پەلی ئەو یارییە لەسەردەمانی زوو لە كوردستان دەگمەن بوون و لە بازاڕەكان بەدەست نەدەكەوتن، هەرچەند چەندین جار داوام لە برادەرانم كرد كە لە دەرەوەی وڵات دەژیان بەڵام هەرچۆنێك بێت نەیانتوانی كەل و پەلی ئەو یارییەم بۆ بهێننەوە كوردستان، بەڵام لەم دوایانە توانیم لەسەر دەستی ڕاهێنەران م. محەممەد و م. هەژار ئاواتەكەم بێنمە دی و ببم بە یاریزانی ئەو یارییە سەرەنجڕاكێشە.
ئەو یاریزانە، گوتیشی: ئەم یارییە جیاواز لە یارییەكانی تر سەرەڕای خۆشییەكانی و مەترسی زۆری تێدایە لە كاتی ئەنجامدانی بەتایبەت كاتێك كەش و هەوا نالەبار بێت و بە شێوەیەكی گشتی هەر یاریەكی وەرزشی لە ئاسمان ئەنجام بدرێت مەترسی دارە و بێ كێشە نییە و زۆر جاری وا هەبووە كە خۆم ئامادە كردووە بۆ ئەو یارییە، بەڵام لەبەر ناسەقامگیری و ئاستەنگەكانی كەش و هەوا نەمانتوانیوە فڕین ئەنجام بدەین.
ئەو یاریزانە، زیاتر گوتی: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین شوێنی لەبارمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە بەڵام لە هەموویان شیاوتر سەر لوتكە چیای حەسەن بەگ كە دەكرێت لەسەر ئەم چیایە فڕین ئەنجام بدەیت تاوەكو دەنیشیتەوە لە ناو یاریگەی یانەی وەرزشی سۆران لە دێڵزیان، یاخود لە چیای كۆڕەك بفڕین و بە ئاراستەی ڕواندز بنیشیتەوە، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بكەین هەموو كەسێك ناتوانێت ببێت بە یاریزانی ئەو یارییە، چونكە یاریزانی ئەو یارییە دەبێت ئازا و چاونەترس و ئیڕادەیەكی بەهێزی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت هیچ نەخۆشی درێژخایەن و فۆبیای هەبێت لە شوێن و بڵند و بەرزدا، لەم یارییە ئەوەی سەخت بێت بۆ یاریزانەكانی تازە فێربوو، فڕینە لە سەرەتا چونكە دەبێت تەواو كۆنتڕۆڵی پەڕەشوتەكەت بكەیت ئەگەر نا توشی كێشە دەبیتەوە، بەڵام دابەزین ئاسانتەرە بە تایبەت كاتێك تیمێكی كاراو یارمەتیدەرت لەگەڵ بێت، ئەوەی جێگەی داخە لەم سنوورە نەمانتوانیوە هیچ یانەیەكی دابمەزرێنین كە تایبەت بێت بە یارییەكانی فڕین لە ئاسمان، ئەوەی ڕاستی بێت ئەو یارییە پێداویستی زۆری دارایی هەیە هەموو یانەیەك ناتوانێت تێچووە داراییەكانی كەل و پەلەكانی لە ئەستۆ بگرێت، لە داهاتوو لە بەرنامەم دایە لە ڕێگەی ئەم یارییە وەبەرهێنانی وەرزشی بكەم بە دڵنیاییەوە كارێكی زۆر باش دەبێت و دەتوانم لە ڕێگەی ئەو وەبەرهێنانە یارمەتی چەندین گەنج و لاوی ئەو سنوورە بدەم و بێگومان جگە لەمە لە ڕووی توریزمی وەرزشییەوە هۆكارێكی ئەرێنی دەبێت بە ڕاكێشانی گەشتیار بۆ ئەو ناوچانەی ئەو یارییەی لێ ئەنجام دەدەیت.