مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای مانەوەی زیاتر لە 10 ڕۆژ لە نەخۆشخانەی فەجری تاران، پزیشكان بە بنەماڵەكەیان ڕاگەیاند كە هیچ ئومێدێك بۆ چاكبوونەوەی ئارمیتای 16 ساڵان نییە.
ئارمیتا گەڕاوەند تەمەن 16 ساڵ، كچە كوردی كرماشان ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی تاران، بەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 1ی تشرینی یەكەمی 2023، لە میترۆی “شەهۆدا”ی تاران بەهۆی سەرپێچی كردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند پۆلیسێكی پاراستنی حیجابەوە هێرش كرایە سەری و بەتوندی لێیدرا. دواتر ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی فەجری ئەم شارە گوازراوە كە هەتا ئێستا لەم نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاودێری توندی ئەمنییدا خەوێنراوە و لە كۆمادایە.
هەر وەكوو لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاتووە، تیمی پزیشكی نەخۆشخانەی فەجر بە دایك و باوكی ئارمیتایان گوتووە كە هیچ ڕێگایەكی پزیشكی نییە بۆ چارەسەركردنی كچەكەیان، لە ئێستادا خانەوادەی ئارمیتا نیگەرانن لە بارودۆخی تەندروستی كچەكەیان و بە گوتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئارمیتا بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی، هیچ نەشتەرگەرییەك بۆ ئارمیتا ئەنجامنەدراوە و لە نەخۆشخانەدا تەنیا توانیویانە ئاستی هۆشیاریی بە زیندووی بهێڵنەوە.
ئەوەش دەڵێت ” تا ئێستا شەش پزیشك پشكنینیان بۆ ئارمیتا ئەنجام داوە و هەموویان ڕایانگەیاندووە كە “ژیان و مردنی ئارمیتا لەدەست خودایە، تەنیا دەتوانین دوعا بكەین.”