زاری كرمانجی-سۆران:
بەرپرسێکی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرایکرد: لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دامەزراندنی ڕێبەرانی گەشتیاری دەکرێت و زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس فۆرمیان پێشکەش کردووە و دەستەش ھەول دەدات ھەموویان دابمەزرێن.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ڕاگەیاند: پێشتر زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس ناویان بۆ ڕێبەری گەشتیاری تۆمارکردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆسەی ڕاگەیاندنی ناوی ڕێبەرانی گەشتیاری ئاشکرا دەکرێت، ئەو دەرچوویانەی فۆرمیان پڕکردووتەوە وەک ڕێبەرەی گەشتیاری دادەمەزرێن لەکەرتی تایبەت، پێشبینی دەکەین ھەموو ئەوانەی فۆرمیان پڕکردووتەوە دابمەزرێن و بێکار نەمێنن.
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن گوتیشی: سەرەتا دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار دادەمەزرێن، دواتر دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئارەزوومەندانی گەشتوگوزار، بەپێی بڕیاری دەستەی گشتی گەشتوگوزار پێویستە ھەموو کۆمپانیایەکی کەرتی گەشتوگوزار ڕێبەرێکی گەشتیاری دابمەزرێنێ.
سیروان تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەندێک مەرج دیاری کراون بۆ دامەزراندنی ڕێبەری گەشتیاری، لەوانەش جگە لە زمانی کوردی پێویستە پێشکەشکار زمانێکی دیکەش بزانێت، سیاسەتی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەیە زۆرترین ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بڕەخسێنێ، لەو چوارچێوەیەدا کار بۆ دامەزراندنی ڕێبەری گەشتیاری دەکات.