مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردووە كە باس لە زیادكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەكرا، بە تایبەت مادەكانی پەیوەست بە خواردنی بەیانیان.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ زیادكردنی مادەكانی بەشە خۆراكی مانگانە، جگە لە پێشنیارێك كە كراوە تاوەكوو مادەكانی بەشە خۆراك زیاد بكرێن”.
(زەیت، برنج، نیسك، شەكر، دۆشاوی تەماتە، لەتكەنۆك و فاسۆلیایە، ئارد) ئەو مادانەن كە لە بەشە خۆراكی مانگانە دەدرێت بە هاووڵاتییان، لە ئێستادا پێشنیاركراوە چەند مادەیەكی تری تایبەت بە خواردنی بەیانیان زیاد بكرێن بۆ بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان.