مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ گۆڕانكاریی لەشێوازی وەرگرتنی مووچەدا ئاشكرا كرد و گووتی ” لە دوو ساڵی داهاتوودا هەموو مووچە خۆرانی هەرێم، لەڕێگەی كارتی بانكییەوە مووچەكانیان وەردەگرن”.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە زانیاریی زیاتری خستەروو و گووتی” ئێستا لەشاری هەولێر لە ڕێگەی سێ بانكەوە كارەكان جێبەجێ دەكرێت و لەداهاتوویەكی نزیكدا لەشارەكانی سلێمانیو دهۆكیش دەستپێدەكرێت”.
پەیامی مەسرور بارزانی لەمیانەی سەردانی كردن بوو بۆ پرۆسەی تۆماركردنی (هەژماری من) كە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەرێوەدەچوو، زیاتر روونیكردەوە “هەژماری من ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ پێدانی مووچەو ئەو خزمەتگوازییە بانكیانەی كە هاوڵاتییان دەتوانن سوودی لێوەرگرن، قۆناغی دوەمی هەژماری من لە 3ی ئەیلولەوە دەستیپێكردوەو تائێستا 65 هەزار كەس تۆماركراون”.
لە كاتی قسە كردنی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن گووتی ” ئێمە لەكابینەی نۆیەم بڕیاری ئەوەمانداوە، بەرنامەی هەژماری من دروست بكەین بۆ ئاسانكاریكردنی پێدانی مووچە بەفەرمانبەرانی كەرتی گشتی، دواتر بۆ هەموو كەرتی تایبەتیش ئەمە بگرێتەوە، ئەم پڕۆژەیە لەچەندین قۆناغ پێكدێت، قۆناغی یەكەم لەسەرەتاوە بۆ تاقیكردنەوە بوو كە لەنەخۆشخانەیەكەوە دەستمانپێكرد پێش چەند مانگێكو تائێستاش ئەو پڕۆژەیە بەسەركەوتویی بەردەوامە”.
زیاتر روونیكردووە”دوای ئەمە قۆناغی دووەم ئەوە بووە كە بەفەرمی ئێستا ئێمە ڕایدەگەیەنین، كە پڕۆسەی هەژماری من بكەوێتە كار و لە3ی ئەیلولەوە دەستیپێكردوەو تا ئێستاش 65 هەزار كەس تۆماركراون، ئومێدمان وایە كە كەمتر لەدوو ساڵ هەموو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بگرێتەوە، لەهەمانكاتیشدا هەوڵی ئەوەمانداوە كە لەگەڵ بانكەكانیش ڕێكبكەوین كەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پڕۆسەیەوە”.