ڕۆژان قیاس- زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی كچە كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە ناوی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان، رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لەلایەن هێزە سەركوتكەرەكانی گەشتی ئیرشادی ئێران بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی دەستگیر دەكرێت و دوای دەستگیركردنەكەی، ژینا تووشی خوێنبەربوونی مێشك دەبێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەچێتە كۆماوە، و رۆژی 16ی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی كەسرای تاران گیانی لە دەستدا، پۆلیسی ئێرانیش دەڵێت:” بەهۆی ترسانەوە ژینا جەڵتەی مێشكی لێداوە، بەڵام بنەماڵەی ژینا، پۆلیسی ئێران تۆمەتبار دەكەن بە كوشتنی كچەكەیان .
ئەم رووداوە هەموو ئێرانی هەژاند، رێكخراوەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژەكان كاردانەوەی توندیان هەبووە، كار گەیشتە خۆپیشاندانی چەندین ناوچەی وڵاتی ئێران كە بەو هۆیەوە توندوتیژی لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و خۆپیشاندەران دروست بوو و دەیان كەس بووەتە قوربانی.
كوشتنی ژینا، تەنها لە ئێران دەنگ دانەوەی نەبوو، بەڵكوو لە هەموو جیهان قسەی لەسەر كرا و خودی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەی ژینا پشت راستی كردەوە كە دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بكرێت.
“بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی نەیانهێشت جوانییەكانی بەسەر ژیانا بڵاوە پێ بكات”
كوردستان یاسین، چالاكوانی پاراستنی مافی ئافرەتان لە بارەی مەرگی ژیناوە گووتی” ئەو كارەساتە قێزەونەی بەسەر ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ داهێنرا لە ئێرانی ستەمكار، پرس و بابەتێكی هێندە نوێ نین كە خۆمان لێیی بە بێئاگا پیشان بدەین، ئەم خاتوونە كە لە بەهاری تەمەنی دا بوو چەندەها هیوا و خواست لە ژیان و زەینیدا نێرگز ئاسا خۆیان بە روویی ژیان نیشان دەدا، بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی نەیانهێشت جوانییەكانی بەسەر ژیانی بڵاوە پێ بكات، تەنیا بە تاوانی ئافرەت بوون و كورد بوونیی ژێر خاكیان كرد.
“كوژرانی ژینا بە هۆی بێحیجابی ئەو بیانوویە بوو كە كەوتە دەستی خەڵكی نارازی”
د.كازم ئەحمەد، چوادێری سیاسی، لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە بارەی ئەم رووداوە گووتی” بە هۆی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە شەری ئێران و عێراق، جێبەجێكردنی یاساكانی شەریعەتی ئیسلام بە شێوەیەكی توندوتیژ لە لایەك و رەچاوكردنی ژیانێكی شاهانە بۆ مەلاكان و دەستو پەیوەندەكانیان كە ئێستا بە هۆی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان ئاشكرا بووە بووەتە هۆی نارەزامەندیی بەربڵاوی خەڵك، لە وەها بارودۆخێكدا هەموو رووداوێك دەتوانێ ببێتە هۆی تەقینەوەی جەماوەر، كوژرانی ژینا بە هۆی بێحیجابی ئەو بیانوویە بوو كە كەوتە دەستی خەڵكی نارازی، هەڵبەت لە كوردستانی رۆژهەڵات جگە لە كێشەكانی نێوخۆی ئێران، سیاسەتی داگیركارانەی ئێران رۆڵێكی بەرچاوتری هەیە كە خۆی لە سەركوتی كوردان و كوشتنی نارازیان و تەنانەت كوشتنی كاسبكاراندا دەردەخا.
“بۆ ئەوەی ئێمە ئەم ڕووداوانە لە بیر نەكەین دەبێت هەڵوێستەكانمان زیاتر بن و گوشاری زیاتر بكەین”
كرمانج فەتاح، چالاكوان و توێژەری دەروونی لە بارەی ئەم رووداوەوە گووتی:” كورد هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە، بە هەر بیانویەك بێت كوشتنی كورد ئاسایی بووەتەوە لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت، بەو دوایانەش كوشتنی كچە كوردێك بوو بە دەستی كۆماری ئیسلامی ئێران كە ئەمەش بووە هەواڵێكی گەرمی نێو دونیایی میدیایی ناوخۆی و جیهانی، كە كارێك بوو دژ بە كچە كوردێك كە دوور بوو لە هەموو جۆرە بەهایەكی ئەخلاقی، بۆیە ناكرێت ئێمە زوو ئەم ڕووداوانەمان لە بیر بچێتەوە دەبێت زیاتر گوشاری نێودەوڵەتی بگرینە بەر بۆ ئەوەی كەسانی تریش نەبنە قوربانی، كاتێك تاك لەپێناو ئازادی و نان و مافەكانی وە دەنگ دێت ناكرێت بە كوشتنی وەڵام بدرێتەوە، هەمیشە گوتوومە كورد ماندوو ترین مێژووە بەدرێژای مێژوو، چونكە بە هەموو شێوازێكی كوشتن تاقیكراوتەوە، بۆ ئەوەی ئێمە ئەم ڕووداوانە لە بیر نەكەین دەبێت هەڵوێستەكانمان زیاتر بن و گوشاری زیاتر بكەین”.
شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كەوتە دەست خۆپێشاندەرانەوە
دوای كوژرانی ژینا ئەمینیی، خۆپیشاندان لەزۆربەی شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێكردوە و دروشمەكان دژی رابەر و دەستەڵاتی ئێران گووترانەوە، بە پێی دوانی زانیارییەكانی نافەرمی ژمارەی كوژراوان بۆ سەرووی 35 كەس بەرز بۆتەوە و هەروەها زیاتر سەدان كەسیش بریندار بوونە و هەزاران كەسیش لە لایەن هێزەكانی سەربە حكومەتی ئێرانەوە دەستگیر كراون.
بەهۆی پچراندنی هێلەكانی ئینتەرنێت لە لایەن ئێرانەوە، زانیارییەكان بە وردی ناگەنە دەست سەرچاوە هەواڵییەكانی دەرەوەی و ناوەی ئیرانیش، بە تایبەتی كە كەناڵەكانی سەر بە حكومەتی ئێران راستییەكان یا وەك خۆی ناگەینن، یا نیش ئاوەژۆی دەكەن.
بە پێی دواین زانیارییەكان، شەوی ڕابردووش گرژییەكان زۆربەش شارەكانی ئێرانی گرتۆتەوە، لە رۆژهەڵاتیش بەشێكی هەرە زۆری هێزە ئەمنیەكانی ئێران ناچاركران بچنە دەرەوەی شاری شنۆ و خۆپیشاندەرانیش دروشمی (مەرگ بۆ دیكتاتۆر)یان كووتەوە لەگەڵ چەند دروشمێك بۆ حزبەكانی ڕۆژهەڵات.
گرژی و ئالۆزییەكانی ئێران پێی نایە رۆژی، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ئامارێكی ئاشكراكردوەو ڕایگەیاندووە، تا شەشەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكان، نزیكەی 36 كەس بەگولەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
لە لایەكیدیكەوە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش هاتوونەتە دەنگ و پەیامی جیاواز ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵات دەكەن.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لەشارەكانی ڕۆژهەڵات، لەشاری سنە ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی ئێراندا دروستبووەو لە بۆكانیش هێزەكانی ئێران تەقەی ڕاستەوخۆ لەماڵی هاووڵاتییان دەكەن.