مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ڕاپۆرتێك كە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، بڵاوی كردووەتەوە 538 بەندكراو لەم ساڵەدا لە نێو بەندیخانەكانی ئێران لە سێدارە دراون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، وێڕای ئاگاداری و هۆشداری لەسەر زیادبوونی ئامارەكانی جێبەجێكردنی ئەو سزا نا مرۆڤانەیە لە ئێران، ڕایدەگەینێت كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە(2023) ڕۆژانە دوو بەندكراو لە بەندیخانەكانی ئێراندا لە سێدارە دراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2023 تا 9 تشرینی یەكەمی ئەم مانگە، واتە تەنیا لە ماوەی 281 ڕۆژ 538 بەندكراو لە سێدارە دراون.
لە كۆی گشتی ئەو بەندكراوانەی سزای سێدارەیان لەسەر جێ بە جێ كراوە، 118 بەندكراوی بەلووچی و 83 بەندكراوی كورد بوونە، لەگەڵ 16 هاووڵاتیی ئەفغانی، لەنێویشیاندا 13 ئافرەت و 3 منداڵ هەن.
هەروەك لە راپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو ئاماژەی بۆ كراوە، نزیكەی 58 % ئەو بەندكراوانەی سزای سێدارەیان بەسەر جێ بەجێكراوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوەیە و 34 % یش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست و 15 كەسی دیكەش بە تۆمەتی چالاكیی سیاسی و بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكاندا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و سزاكانیان جێبەجێ كراوە.