سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك وەزیرانی عیراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی كۆبوونەوەكەی نێوان محەمەد شیاع سودانی سودانی و ڤلادیمێر پوتین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە” لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان عیراق و رووسیا و میكانیزمەكانی باشتركردنی هەماهەنگی هاوبەشكرا لە بوارە جۆراوجۆرە گرنگەكاندا، لەوانە دۆسیەی وزە و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی نەوت، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر بوونی كۆمپانیا نەوتییەكانی روسیا لە عیراق”.
ئەوەش هاتووە” لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی رووداوەكانی ئێستای نێوان ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس كرا، لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لە مافی گەلی فەڵەستین کردەوە، داواشی لە سەرۆكی رووسیا كرد هەنگاوی بەپەلە بنێت لەگەڵ وڵاتانی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ راگرتنی هێرشە بەردەوامەكانی سەر خاكی فەڵەستین”.
لای خۆشیەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی رووسیا و عیراق كرد و راشیگەیاند” كەرتی وزە بوارێكی بەڵێنپێدراو و كراوەیە بە ڕووی هەماهەنگییەكی بەرهەمدارتر و كاریگەرتر”.