مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
سەرۆكی ئەمەریكا لە وتارێكدا قسە لە سەر بارودۆخی ئێستای جیهان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەكات و دەڵێ ڕێگا نادەین گرووپە تیرۆریستییەكان ئازادانە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی جیهان تێك بدەن، لە درێژەی قسەكانی هۆشداری دەدات بە هەر وڵاتێك كە بیەوێت دەستتێوەردان لەم شەڕەدا بكات و دەڵێ هەر وڵات و لایەنێك دەستتێوەردان لەم ململانێیەدا بكات، ڕاستەوخۆ دەیكەینە ئامانج و پێیان دەڵێم بیریش لەو هەنگاوە مەكەنەوە، هاوكات بەلای سەرۆكی ئەمەریكاوە حەماس زۆر لە داعش خراپترە.
جۆو بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، لە وتارێكی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆنی، لە بارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیاند لە هێرشە كتوپڕەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 14 ئەمەریكایی كوژراون و ژمارەیەك هاووڵاتی ئەمەریكایش لە ئێستادا لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
سەرۆكی ئەمەریكا پشتیوانی و پشتگیری وڵاتەكەی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند و گووتی “بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ئیسرائیل و خەڵكەكەی دەكەین و لە ئێستا و لە داهاتووشدا پشتیوانی ئەو دەوڵەتە دەبین، تا بتوانێت پارێزگاری لە یەكڕیزی خاكەكەی بكات.”
بایدن لە بارەی بزووتنەوەی حەماسەوە بەو شێوەیە قسە دەكات دەڵێ “حەماس تینووی خوێنە و لە داعش خراپترە و ئامانجی حەماس كوشتنی جووەكانە،”
جەختی لەوەش كردەوە كە هیچ پاساوێك بۆ تیرۆر نییە و گوتی “حەماس بە هیچ شێوەیەك بەرگری لە مافی فەلەستینییەكان ناكات، بەڵكوو دەیەوێت ئیسرائیل لە ناو ببەن و خەڵكی مەدەنی فەلەستینی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنن.”
جۆو بایدن بە بێ ناوهێنانی هیچ وڵات و لایەنێك، هۆشداریدا و گووتی “هەر وڵات و لایەنێك دەستتێوەردان لەم ململانێیەدا بكات، ڕاستەوخۆ دەیكەینە ئامانج و پێیان دەڵێم بیریش لەو هەنگاوە مەكەنەوە.”
سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێ “ڕێگا نادەین گرووپە تیرۆریستییەكان ئازادانە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی جیهان تێك بدەن و ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئەم وەحشیگەرییە دەبێت و سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.”