زاری كرمانجی-سۆران
چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێت: ” هەموولایەك ئاگاداری ئەم بارودۆخە هەستیار و شڵەژاوەی هەرێم و عێراقن، كە ئەم وڵاتە ئەزمونێكی دووروو درێژی لەگەڵ سیاسەتی دژبە كورد هەیە، لەم نێوانەشدا هاوڵاتی قوربانی یەكەمەو بایكۆتیش چارەسەر نییە.
دوریا زكری، مامۆستا و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” مرۆڤ كاتێك مافی خۆی بەردەست ناخا تاكە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموكراسیانە خۆپیشاندانە و هەندێ جاریش سەردەكێشێت بۆ بایكۆتكردن كە ئەگەر درێژەی كێشا دەرئەنجامی نەرێنی بەدوای خۆیدا دێنێت و هەرەس بە كۆمەڵێك پڕۆسەی گرینگ دێنێت و دەشێت كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەداهاتوودا دەربكەون، بەتایبەتی لەڕاپەڕاندنی كاروباری هاوڵاتی و پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن كە ئەوەی زەرەرمەندە هاوڵاتی و قوتابییە”.
دەشڵێت: ” ئەمە لەكاتێكدا هەموولایەك ئاگاداری ئەم بارودۆخە هەستیار و شڵەژاوەی هەرێم و عێراقن بەگشتی و بەتایبەت هەرێمی كوردستان كە ئەزمونێكی دووروو درێژی لەگەڵ سیاسەتی دژبە كورد هەیە لەگەڵ عێراق وێڕای دەستێوەردانە دەرەكیەكان و دژایەتی لایەنە نێوخۆییەكان، لەگشت ئەم بارودۆخانەش دا هاوڵاتی قوربانی یەكەمە لەنێوان قوت بڕین لەبەغدا و بایكۆتكردن لە هەرێمدا .