محەممەد مەحموود – سۆران :
بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بەرزکردنەوەی توانای زانستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی سۆران سەنتەری راهێنانی بۆردی کوردستانی لە نەخۆشخانەکانی ئاشتی و لە دایک بوون کرایەوە.
د. کامەران مەلا محەممەد ، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند ” دوای سەردانمان بۆ لای د.ئاریانا خاڵس جەواد سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپوڕایەتییەکانی پزیشکی و گفتگۆکردن لە بارەی چوونیەتی بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی پزیشکی لە سۆران و زیاتر هاندان و پێگەیاندنی پزیشکی پسپۆڕی لە بوارە جیاوازەکان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیار درا بە کردنەوەی سەنتەری راهێنانی بۆردی کوردستانی لە هەردوو نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری و نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی فێرکاری سۆران”.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران گوتیشی ” ئەمە هۆکارێکی گرنگە لە باشتر کردنی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و زیاد کردنی ژمارەی پزیشکە پسپوڕەکان لە بوارە جیاوازەکان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە دستکەوتێکی گرینگە بۆ ئیدارەی سۆران کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتۆتە کایەوە.