مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی منداڵان باس لە زیانەكانی شاشە و كاریگەرییان لەسەر منداڵان دەكات و داواكارە لە دایك و باوكان شاشەكان لە منداڵەكانیان دوور بخەنەوە.
پشدەر عەبدوڵڵا پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، لە نووسینێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، باس لە كێشە و گرفتی شاشەكان و كاریگەرییان لەسەر منداڵان دەكات و بە مەترسییەكی گەورە ناویان دەبات بۆ سەر تەندروستی منداڵان و بە تایبەت ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە دوو ساڵ كەمتر و دەڵێ “تا تەمەنی ۲ساڵ باش نییە منداڵ سەیری شاشە بكات ئیتر (تەلەڤزیۆن ، ئایپاد یان مۆبایل )بێت و لەدوای ئەو تەمەنەوە منداڵ باشترە یەك بۆ دوو كاتژمێر زیاتر لە ڕۆژێكدا سەیری ئەم ئامێرانە نەكات،”
د. پشدەر بەكارهێنانی مۆبایل و سەیركردنی شاشەی تیڤییەكان، بە كێشەیەكی گەورەی منداڵانی كورد ناو دەبات و زیانەكانی لە چەند خاڵێك كۆ كردووەتەوە و ئامۆژگاری باوان دەكات ڕەچاوی بارودۆخی منداڵەكانیان و ئایندەیان بكەن.
زیانەكانی یاری و سەیركردنی ئەم ئامێرانە :
1- قسەكردنی دوا دەكەوێت.
2- ئەو منداڵانەی كە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ئۆتیزم هەیە (ئەو منداڵانەی كە لەڕێگەی بۆماوەیییەوە و لە خێزانەكانیاندا ئەگەری تووشبوون هەیە) ڕێژەی تووشبوونەكە زیاد دەكات.
3- قەڵەوی، كێشی زیاد دەكات چونكە جووڵەی كەم دەبێتەوە.
4- شێوازی خەوی تێك دەچێت و خەوی كەم دەبێتەوە.
5- كێشەی هەڵسوكەوتی بۆ دروست دەبێت.
6- لاوازبوونی لایەنی كۆمەڵایەتی، واتە گۆشەگیر دەبێت و هاوڕێیەتی كەس ناكات.
7- فێری ڕەفتاری توندوتیژ دەبێت، بەتایبەتی كە سەیری فیلم و یارییەك بكات كە توندوتیژی تێدا بێت.
8 – كاتی بۆ یاری نامێنێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی كاتەكانی بە سەیركردنی ئەو ئامێرانە بەسەر دەبات.
هەندێك ڕێنمایی بۆ دایك و باوكان:
ا- هەوڵ بدە خۆت پێشتر سەیری ئەو كەناڵانە یان یاریانە بكە كە منداڵەكەت دەیەوێت سەیریان بكات، چونكە هەندێك كەناڵ و یاری زیانی زۆریان هەیە.
ب- هەوڵ بدە ئەو یاری و كەناڵانە لە شوێنی بن لە ناو ئامێرەكە كە منداڵەكە بە ئاسانی دەستی پێ نەگات.
ج- هەوڵ بدە نزیك بیت لە منداڵەكە لە كاتی سەیركردنی تەلەڤزیۆن یان ئامێرە ئەلیكترۆنییەكە.
د- ناو بە ناو پرسیار لە منداڵەكەت بكە كە سەیری كام بەرنامە دەكات كە لە ماڵەوەیە، یان كام یارییە دەكات.
هـ -كاتێك لەگەڵ منداڵەكە و سەیری بەرنامە و یارییەك دەكەیت هەوڵ بدە ناوەڕۆكەكەی بۆ ڕوون بكەیتەوە.
چۆن بتوانین سنوور بۆ بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە دابنێین:
۱-دەبێت كاتێكی دیاری كراویان بۆ دابنێین.
۲-هەوڵ بدەین بەرنامە بۆ ئامێرەكە دابنێین كە كات دیاری بكات بۆ بەكارهێنانی.
۳-نابێت لەژووری نووستن شوێنی شەحن كردنەوەی ئەو ئامێرانە بێت.
٤-نابێت لەژووری نووستن تەلەڤزیۆن هەبێت.