زاری كرمانجی-سۆران:
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 9/10/2023، ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە کاتەکانی ئێوارەدا، لەگەڵ نمە بارانی کەم لەسەر بەشێک لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک لە ئێوارە و شەودا، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ .
لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، رۆژی سێشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاکان بەشێوەی نمە باران دەبارێت لە کاتەکانی بەیانی بەتایبەت لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، لە دوای نیوەڕۆ ئاستی دابارین کەمێک زیاتر دەبێت بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان، سەنتەری پارێزگای هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەری نمە بارانێکی کەمی هەیە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (2-5) پلە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 29 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 28 پلەی سیلیزی
دهۆک: 26 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 19 پلەی سیلیزی
سۆران : 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 34 پلەی سیلیزی