مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
له 48 كاتژمێرى شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، زیاتر لە پێنج هەزار كەس بوونەتە قوربانی.
لە ماوەی دوو ڕۆژی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، بەپێی سەرچاوە میدیاكانی ئیسرائیل تا ئێستا ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییەوە كوژراون 700 كەسی تێپەڕ كردووە و هەروەها دوو هەزار و 250 كەسیش بریندار بوونە.
هاوكات وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش، دواین ئاماری 48 كاتژمێری ڕابردووی شەڕی بڵاو كردەوە كە تا ئێستا 470 كەس لە كەرتی غەززە كوژراون و زیاتر لە دوو هەزار كەسیش بریندارن، زۆربەی قوربانییانیش بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلە بۆ سەر كەرتی غەززە.
لای خۆشییەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە تا ئێستا 150 ئیسرائیلی لەلایەن گرووپە فەلەستینییەكانەوە بە دیل گیراون و زیاتر لە 500 ئیسرائیلی تریش بێسەروشوێنن.
بزووتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7ـى تشرینی یەكەمی 2023، هێرشی كردە سەر ئیسرائیل و تا ئێستاش شەڕ و پێكدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە .