زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاری لەبارەی داهات و مووچە دەخاتەڕوو.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی تەرخانکردنی پارە بۆ مووچە رایگەیاند: بەشێکی زۆری داهاتمان بۆ مووچە بەکارهێناوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا دابەشکردنی مووچەی لەسەر شان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک خەرجی لەسەر شانە.
هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا د. هاورێ کەمال راوێژکاری وەزارەتی دارایی گوتی: “هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن کە باسی داهات دەکەن راستییەکە ناڵێن، باسی 320 ملیار دەکەن، ناڵێن ئەو بڕە هەمووی بە کاش نایەت، هەندێکی بۆ وەزارەتەکانە، هەندێک بۆ خزمەتگوزاریی و هەندێکی دیکەی بۆ پێشینەکانە، بۆیە بڕێکی کەمی لێ دەمێنێتەوە، ئێمە باوەڕمان بە شەفافیەتە و هەفتەی داهاتوو تەواوی داهاتەکان بە ژمارە رادەگەیەنین، هەروەها داهاتی شەش مانگی رابردوو رایدەگەینین و ئەو بڕە پارەیەش دەیدەین بە حکوومەتی فیدراڵی ژمارەکە دەخەینەڕوو”.
گوتیشی: “هەندێک کەناڵی راگەیاندن کۆمەڵێک هەواڵ بڵاودەکەنەوە کە هیچی راستی نییە، ئێمە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر و قبووڵ ناکەین هیچ کەسێک بەناوی ئێمەوە قسە بکات”.
ئاماژەی بەوەشدا: “لیژنەیەکمان پێکهێناوە دانوستان لەگەڵ ئهو لایەنەنانە بکەین کە قەرزی حکوومەتیان لەلایە، بۆ ئەوەی ئاسانکاریان بۆ بکەین و ئەو پارانەیان لێ وەربگرینەوە، هەندێک لەوانە هەم زەییان وەرگرتووە و هەمیش قەرزیان وەرگرتووە و بەرهەمهێنانیان نەکردووە، هاوکات دەیانەوێت، لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە چەواشەکاری بکەن و لە وەزارەتی دارایی بدەن”.