زاری كرمانجی-سۆران:
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد: ئەنجوومەنی کۆمسیاران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەشداری ئەو کەسانەی لەساڵی ٢٠٠٦ لەدایکبوونە بەشداری ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش دەڵێ: لەماوەی ١٠ ڕۆژدا دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
جومانە غولای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی کۆمسیاران ڕەزامەندی نیشانداوە ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٠٦ لەدایک بوونە دەتوانن بەشداری ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، بەڵام پێویستە خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار بکەن و زانیاریەکانی نوێ بکەنەوە.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن دوای ڕەزامەندی ماوەیەکی دیاری کردووە بۆ ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٠٦ لەدایکبوونە و دەتوانن لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن و خۆیان تۆمار بکەن پرۆسەی تۆمارکردنیان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوامی دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەوانەی تۆمار نەکرێن مافی دەنگدانیان نابێت لە ھەڵبژاردنی شوباتی ساڵی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.