د. ئازا – زاری كرمانجی:
سەیدۆ جەمال، سەرۆكی یانەی وەرزشی خەلیفان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی خەلیفان لەم مانگەدا دەست بە ئامادەكاری و ڕاهێنانەكانی دەكاتەوە بۆ بەشداریكردن لە خولی پلە دووی كوردستان بۆ ڕێكخستەنەوە و پتەوكردنی تیپەكەشمان دەمانەوێت زیاتر پشت بە یاریزانانی ئەو سنوورە ببەستین و هەوڵ دەدەین كە كەمترین ژمارەی یاریزان لە دەرەوە بهێنین، پلانمان داناوە كە باشتر و ڕێكخراوتر بگەڕێینەوە نێو كێبركێی خولەكان، بۆ ئەم مەبەستە لە ئایندەیەكی نزیك ستافێكی نوێی ڕاهێنەران دیاری دەكەین لە پێناو ئامادەكردنی تیپێكی تۆكمە و بەهێز بۆ وەرزی نوێ.
سەرۆكی یانە، نەیشاردەوە و گوتی: یاریگەكەمان لە هەموو ڕووێكەوە ئامادەیە بۆ میوانداری كردنی سەرجەم یاریەكەیان، بەڵام داوامان كردووە یاریگەیەكی تایبەت بە یانەكەمان دروست بكرێت لە ئایندەدا، چونكە ئەم یاریگەیە تیپە میللییەكان بەكاری دێنن و تایبەت نییە بە یانە و لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی دارایی یانەكە وەكو یانەكانی تر خراپە، ئەوەی هەیە بە پشتیوانی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
سەیدۆ جەمال، لەسەر ئەكادیمیاكەیان دەشڵێت: لە ماوەی ڕابردوو لە وەرزی هاوین هەڵساین بە دروستكردنی ئەكادیمیای یانەی وەرزشی خەلیفان بەئامانجی پێگەیاندن و بنیاتنانی یاریزانان لە خەلیفان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی، لە تەمەنێكی بچووكەوە و كار لەسەر یاریزان دەكەین و بەردەوام دەبین، چونكە ئامانجی ئێمە دەمانەوێت بۆ چەند ساڵی داهاتوو پشت بە یاریزانی ئەكادیمیاكەمان ببەستین بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێز بوون و گەشانەوەی تیپی تۆپی پێ و یارییەكانی تر لە یانەكەمان، هەر بۆیە بە پشت بەستن بەم تێگەیشتنە توانیمان تیپێكی تۆكمە لە ئەكادیمیاكەمان دروست بكەین و بەشداربووین لە خولی یەكێتی تۆپی پێ ی كوردستان بۆ تەمەنی ژێر 18 ساڵ، توانیمان لە نێو یەكێك لە بەهێزترین گروپەكان سەربكەوین بۆ خولی نایاب بۆ تەمەنی ژێر 18 ساڵی و ئەمەش شانازیێكی گەورەیە بۆ یانەكەمان و خەلیفان.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یانەكە، گوتیشی: داواكارین لایەنی پەیوەندیدار زیاتر هاوكار و پشتیوانی یانەكەمان بن، چونكە مەبەستمانە لە ئایندەدا یانەی خەلیفان سەربخەین بۆ نێو كێبركێی خولە بەهێزەكانی كوردستان لە یارییە جیاواز و بوارەكانی تری وەرزش، هەروەها ئەوەی جێگەی تێبینی و هەڵوەستە لەسەركردنە بەشێوەیەكی گشتی ڕاگەیاندنەكان وەكو پێویست گرنگی بە یانەكانی خولی پلە دووەكان نادەن، كەچی ئەم خولانە بناغەی گشت خولە گەورەكانە و یاریزانەكان لەسەرەتا لەم خولەوە دەست پێ دەكەن كە ئەمەش تێگەیشتنێكی هەڵەیە لە وەرزش، زۆر سوپاسی زاری كرمانجی دەكەم بۆ بایەخ دان و بەسەركردنەوەی یانەی وەرزشی خەلیفان.