مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت 11ی سێپتەمبەرێكی ترە و وڵاتەكەمان بە توندترین شێوە تۆڵە لە حەماس دەكاتەوە.
جلعاد ئاردان نوێنەری ئیسرائیل لە ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی دا ڕاگەیاند ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات 11ی سێپتەمبەرە بۆ ئیسرائیل و لە داهاتوودا هیچ شتێك ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و باس لەوەش دەكات كە بە توندترین شێوە تۆڵەی ئەم هێرشە لە بزووتنەوەی حەماس دەكەنەوە.
جلعاد لە درێژەی قسەكانی دا دەڵێ “بەڵێن بێت ئەو شێوازە دەگۆڕین كە بۆ ماوەی 17 ساڵە پابەند بووین پێیەوە، ئەو كاتەی ئیسرائیل تاك لایەندا لە غەززە كشایەوە، بەڵام ئەمجارە ئەو ڕوو نادات.”
نوێنەری ئیسرائیل لە ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆكاری بەهێزبوونی بزووتنەوەی حەماس دەزانێت و ئاشكرای دەكات دەیان ملیار دۆلاری ئاوەدانكردنەوەیان بۆ بەهێزبوونی تیرۆر بەكارهاتووە و دەڵێ “كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی نۆژەنكردنەوەی غەززەی داوە و دەیان ملیار دۆلاری وەك هاوكاری پێشكەش كردووە، بەڵام ئەم پارەیە بۆ خزمەتگوزاری و دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و باشتربوونی ژیان خەڵك بەكارنەهاتووە، بەڵكوو خراوەتە خزمەت تیرۆر”.
جلعاد ئاردان لە كۆتا قسەكانیدا نایشارێتەوە كە ئیدی سەردەمی وتووێژی عەقڵانی كۆتایی هاتووە و لەنێو بردنی بزووتنەوەی حەماس تاكە چارەسەرە و دەڵێ “سەردەمی وتووێژی عەقڵانی لەگەڵ ئەم دڕندانە كۆتایی هات، كاتی ئەوە هاتووە ژێرخانی حەماس لەناو ببەین و بەتەواوی لەناوی ببەین، بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەو جۆرە دڕندەیییانەی دووبارە نەبنەوە.”