د. ئازا – زاری كرمانجی:
مامۆستا سدقی محموود بەگ، سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: یانەی سۆران بەشدار لە خولی نایاب بۆ وەرزی 2023-2024 بەشێوەی كۆمەڵ بۆ وەرزی نوێ خۆ ئامادە دەكات.
سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران، دەشڵێ: خەونی ئێمەیە كە بگەین بەم ڕۆژە كە هەموو یاریزانەكانی یانەكەمان لەم سنوورە بن، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەمساڵ ژمارەیەكی دیاریكراو لە یاریزانمان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و شوێنەكانی تر هێناوە لە پێناو بەهێزكردنی ڕیزەكانی تیپەكەمان.
سەرۆكی یانە، دەڵێت: لە پلانی ستافی ڕاهێنەرانی یانەكەمانە لە داهاتوودا چەند یارییەكی دۆستانە ئەنجام بدەن بە مەبەستی زیاتر ئامادەكاری بۆ تیپەكەمان و دیاری كردنی خاڵە لاواز و بەهێزەكان.
م. صدقی، گوتیشی: بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ جەماوەر و هاندەرانی یانەكەمان سوپرایزی جوانمان بۆیان دەبێت، ئێمە زۆر نزیكین لە هاندەرانی یانەكەمان و بێگومان بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكەین كە داخوازییەكانی خۆشەویستانی یانەكەمان جێ بە جێ بكەین.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران باس لەوە دەكات كە لە وەرزی ڕابردوو لەو كاتەی كە خولی نایاب تەواو بوو یانەكەمان لە ڕیزبەندییەكانی پێشەوە بوو، بەڵام بۆ ئەم وەرزە هیواو ئاواتمان زیاترە، پەنا بە خوا سەركەوتوو دەبین.