بایكۆتكردن و دەربڕینی ناڕەزایی لە پێناو بەدەست هێنان مافێك تا سەر موخ رەوایە.
بەڵام پرسیارە جددییەكە ئەوەیە كەی؟ لە پای چی ؟ هەروەها رەچاو كردنی كاریگەرییەكانی بایكۆتكردن بەسەر هاووڵاتییانەوە یا ئەو توێژەی راستەوخۆ گرێدراوی تۆیە؟
لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەو توێژەی بایكۆت دەكات ئەوەندە ژیر و خاوەن پاشخانێكی رۆشنبیری بێت نەكەوێتە ژێر هەژموونی هیچ لایەنێكی سیاسی و بۆ مەرامی حزبی بەكار نەهێندرێت .
ئەو بایكۆتانەی لە ماوەی رابردوو بینیم، بەداخەوە خاڵی بوون لە هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی مرۆڤایەتی، هەر چەندە مافی خۆشیان بێت، بەڵام بەم شێوازە و لەم دۆخە ناشیرینیان دەكات.
بەتایبەتی كە چەند لایەنێك وەبەرهێنانی سیاسییان لەسەر دەكەن بۆ مەرامی حزبی و هەتا بۆ لێدانی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستانیش.
بۆ نموونە پزیشكێك كە لە كاتی وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشكی سوندی خواردووە خزمەتكردنی بە مرۆڤایەتی لەسەرووی هەموو شتێك دابنێت و جیاوازی نەكات، بەڵام لە كاتی بایكۆت ئامادە نییە مرۆڤێكی نەخۆش ببینێت، مرۆڤایەتی ئەو پزیشكە بەڕێزە لە كوێی ئەو سوندە یاساییە كە خواردوویەتی؟.
ئەو مامۆستا بەڕێزەی تا ئێستا نەچۆتە دەوام و زیاتر لە 700 هەزار قوتابییان لە خوێندن بێ بەشكردووە، كێ باجەكەی دەدات؟.
ئایا باشتر نەبوو رۆژانە دەوامیان كردبایە و پاش دەوام بۆ بەدەست هێنانی داخوازییەكانیان خۆپێشاندانیان كردبایە؟
هەم پەیامەكەیان دەگەیشت هەمیش خزمەتی خۆیان دەكرد، هەمیش پێگەیان زیاتر بەهێز دەبوو.
ئەگەر وابێت و حكومەت كمتر خەم بووبێت لە دابین نەكردنی مافی مامۆستایان و پزیشكان، كە زۆرباش رەهەندە سیاسی و دووژمنكارانەی حكومەتی عێراق لە ئاست هەرێمی كوردستان دیارن و هۆكارەكانی پشت دابەشنەكردنی مووچە پەیوەستە بە بابەتێكی مەزنتری نەتەوایەتی و نیشتیمانی، ئێ كمتر خەمی ئەم توێژانەش لە ئاست هاووڵاتییان كمتر نییە لە هی حكومەت، لە كاتێكدا درووستكردنی كێشەی دارایی بۆ هەرێم لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە كاردانەوەی توێژەكانی لێ بكەوێتەوە و ئەم كیانە سیاسییە بەرەو هەڵدێر ببەن، ئەوكاتەیە كە هەموو تاكێك و توێژێك باجە قوورسەكە دەدەن.
دواجار ئەوەی گورزە جەرگبڕەكەی بەردەكەوێت هاووڵاتی و منداڵانی ئەم نیشتیمانەن.