زاری كرمانجی-سۆران
پزیشكێكی خۆراك سوودەكانی هەنجیری وشككراو ئاشكرا دەكات و دەڵێت” هەنجیر جگە لەوەی میوەیەكی بەتامە سوودێكی ئێجگار زۆریشی هەیە بۆ تەندروستی، تایبەت هەنجیری وشكراو.
د. كامەران ڕەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” هەنجیری وشكراو، دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵییەكان، بۆیە ڕووڵی هەیە لە چالاككردنی كۆئەندامی هەرس و نەهێشتنی قەبزی، هەروەها گرنگە بۆ دابەزاندنی ئاستی كولیستڕۆڵی خراپ ( LDL ) ، پارێزگاری لە ئێسكەكان دەكات و ئازاری جومگەكان كەم دەكاتەوە، چونكە دەوڵەمەندە بە هەموو ئەو كانزایانەی گرنگن بۆ ئێسكەكان وەك كالسیۆم و مەگنیسیووم، سەرچاوەیەكی گرنگی ماددەی ئاسنە، بۆ پاراستن لە كەمخوێنی و چارەسەركردنیان بەتایبەت لە خانمان و منداڵاندا.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” خواردنی هەنجیری وشككراو دەتپارێزێت لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی هەوكردن، چونكە دەوڵەمەندە بە كانزا، ڤیتامینەكان و ماددە دژە ئۆكسانەكان، كە ڕووڵیان هەیە لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە، یارمەتی كۆنتڕۆڵكردنی بەرزی پەستانی خوێن دەدات، بەهۆی بوونی بڕێكی باش لە كانزای پۆتاسیۆ، هەروەها بەسوودە بۆ چارەسەری لاوازی و كەمی كێش ئەگەر ڕۆژانە بڕێكی زۆری لێ بخورێت.
د. كامەران ڕەسوڵ، ئاماژە بە چەند ڕێنماییەكی گرنگ دەكات لەوانە:
-ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە پێویستە ڕۆژانە یەك بۆ دوو دەنك زیاتری لێ مەخۆن .
-بەهۆی بوونی بڕێكی زۆر لە ڤیتامین K ئەو نەخۆشانەی دەرمانی دژەمەینی خوێن وەردەگرن پێویستە ڕۆژانە چەند دەنكێك زیاتر لێ مەخۆن .
-خانمانی دووگیان و شیردەر پێویستە زۆر مەخۆن لە بەر تەندروستی كۆرپەلە و منداڵەكانیان .
-لەكاتی ڕێجیم گرتندا پێویستە نەخورێت و لە كیتۆدایت نابێ بە هیچ شێوەیەك بخورێت .