مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
قوتابخانەی عاشوورای تایبەت بە كچان، كرایە ئامانجی هێرشی كیمیایی و بە دەییان قوتابی ژەهراویبوون.
گرتە ڤیدیۆیی ژەهراویبوونی قوتابییان و ڕاكردنیان بۆ دەرەوەی قوتابخانە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش ڕاگەیاند ژمارەیەكی زۆر لە قوتابییان ژەهراویی بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
دوێنێ شەممە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، جارێكی تر و لە دەستپێكی وەرزی خوێندن، قوتابخانەی كچان كرایەوە ئامانجی هێرشی كیمیایی.
قوتابخانەی كچانەی عاشوورا لە ڕۆژئاوای پارێزگای تاران بووە ئامانجی هێرشەكە و بە دەییان قوتابی كچ ژەهراویبوون و گوازرانەتەوە نەخۆشخانە، لە گرتە ڤیدیۆیەكدا قوتابییان لەژێر كاریگەری ژەهراویبوونەكە بەرەو دەرەوەی قوتابخانەكە ڕادەكەن و دایك و باوكی قوتابییەكان و خەڵكێكی زۆر لەبەردەم قوتابخانە وەستاون و بە هانای ڕۆڵەكانیانەوە هاتوون و خەریكی گواستنەوە و دوورخستنەوەی ئەو قوتابییانەن كە لە هۆش خۆیان چوونە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا ڕاگەیاند “ئەو ڕووداوە یەكەمین بابەتی ژەهراویی كردنی كچانی قوتابی یە لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا، كە تەنیا دوو هەفتە بەسەركردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان تێپەڕیوە.”
ساڵی ڕابردووە ئەو كاتەی دەنگی ناڕەزایەتیی ئێرانییەكان دژ بە شەهیدكردنی ژینا ئەمینی كچ كورد سەرتاسەریی وڵاتی گرتەوە، چەندین قوتابخانەی كچان لە ئێران و شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونە ئامانجی هێرشی كیمیایی و بە دەییان قوتابی ژەهراویبوون .
ساڵی ڕابردوو لە كاتی ئەنجامدانی هێرشی كیمیای بۆ سەر قوتابخانەی كچان، وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندنێكدا دۆخی قوتابخانەكانی كچانی بە بەرهەمی “سەركێشی”، “بێ حاڵی ڕواڵەتی” و “خەمۆكی بەكۆمەڵ”ی قوتابییان ناو برد و ڕووداوی ژەهراویبوونی قوتابییانیشی بە هۆكاری بەكارهێنانی مادەی وەك “بۆمبی بۆنی ناخۆش” و “ئەفسانەی فرمێسكڕێژ”زانیوە.

































































