زاری كرمانجی-چۆمان
زۆرن ئەو دڵسۆزو كوردپەروەرانەی لە پێناو ئازادی خاك و نیشتیمانەكەیان چەكی پێشمەرگایەتیان كردووەتە شان و دژبە داگیركەران جەنگاون، یەكێك لەوانەش حاجی ئاغای كۆسرەتان، پێشمەرگەی كۆماری مهاباد و ئەیلول و گوڵان، دوای راپەڕینیش سەرەڕای تەمەنی بەساڵا چووی هەمیشە چەكی لە شان بووەو پاراستنی خاكەكەی لە سەرووی هەموو شتێكەوە بووە.
حاجی ڕەسوڵ حوسێن ناسراو بە حاجی ئاغای كۆسرەتان ساڵی ١٩٠١ لە گوندی مێرگە لە ناوچەی چۆمان ناحیەی گەڵاڵە لەدایك بووە. بەشداریی كۆماری كوردستانی كردوە و دوای هەرەسهێنان كۆمار گەڕاوەتەوە بۆ گوندەكەی “زێوكە” لە ناوچەی پیرانشار لە ماڵی خزمانی ماوەتەوە. بەرلە گەڕانەوەی بارزانی لە یەكێتی سۆڤیەتەوە بۆ عێراق، بەشداریی چەند شەڕی عەشیرەتی دژبە ڕژێمی عێراق و هەروەها شەڕی سۆفییەكانی سەربە شێخ ڕەشیدی لۆلانی كردوە. دوای پەڕینەوەی بارزانی لە بادینانەوە بۆ سۆران، حاجی ڕەسوڵ یەكێك لەو پێشمەرگانە بووە كە ڕۆژی ١١/٧/١٩٦٢ قەڵای ڕایاتیان چەككرد. دواتر بەشداریی شەڕەكانی بەنی هەریر، پردی بنكێلان و كۆسپی سپی كردوە. بەرلە ڕاوەستانی شۆڕشی ئەیلول، لە ساڵی ١٩٧٥دا پێشمەرگەی سنوری باڵەكایەتی و دواتر پاسەوانی بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكرات بووە لە ناوپردان”.
لە ساڵی ١٩٧٥ كە شۆڕشی ئەیلول ڕاوەستا، چووەتە گوندی كۆسرەتان و لەو گوندە ماوەتەوە. ساڵی ١٩٧٧ ڕژێمی عێراق بە بنەماڵەوە ڕەوانەی كۆمەڵگای بەستۆرەی لە ناوچەی هەولێری كردوە. ساڵی ١٩٧٩ ئیبراهیم حاجی كوڕی لە شاخی “گرتاڵان”ی كۆسرەتان شەهید بووە. ناوبراو دوای شەهیدبوونی كوڕەكەی لەگەڵ سێ كوڕی تری و خزمانی كۆمەڵگای كۆسرەتانیان بەجێهێشتوە و ڕۆژی ١٢/٤/١٩٧٩ بە شێنێ و قاسمەڕەشدا خۆی گەیاندۆتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پێوەندی بە سەركردایەتی كاتی پارتی دیموكراتەوە كردوە و لەگەڵ ڕەسوڵ، قادر، سلێمان و حوسێنی كوڕی و ژمارەیەكی تر لە برا و برازاكانی چەكی هەڵگرتۆتەوە و لە سنوری باڵەكایەتی لە مەفرەزەی گەڕۆكدا بەشداریی شۆڕشی گوڵانیان كردوە”.
حاجی ڕەسوڵ حوسێن لە ناوچەی خۆشناوەتی بەشداریی ڕاپەڕینی ١٩٩١ی كردوە و تا تەمەنی ٨٥ ساڵ چەكی پێشمەرگایەتی لە شانی نەكردۆتەوە. ساڵی ١٩٩٢ بنەماڵەكەی گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی كۆسرەتان و ئەو گوندەیان ئاوەدان كردۆتەوە. ڕۆژی ٦/٨/١٩٩٦ لە یوبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتدا میدالیای بارزانی وەك بەرزترین خەڵاتی كوردستانی پێدراوە و ڕۆژی ١٢/٧/٢٠٠٢ دڵە گەورەكەی لێدان كەوتوە.
سەرچاوە
میدالیای بارزانی – بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنان-حامید گەوهەری