موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران، ڕایدەگەینێت، بەهۆی ملامنێی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا خەڵکی ئێمە لە ناوچە سنوورییەکان بە پلەی یەکەم زەرەر مەندی ئەو بار و دۆخە بوونە و قوربانی زۆریان داوە، بەداخەوە خزاوینەتە نێو کێشەیەک کە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە .
بەهرام عەریف یاسین، لە چوارچێوەی دیدارێکی کەناڵی کوردستان 24، ئەوەشی خستەڕوو، چەندین جار لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان حیزب و لایەنه سیاسیەکانی کوردستان داوا لە پەکەکە کراوە ئەو دۆخە ڕابگرن و لە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە هێرش نەکەنە سەر وڵاتی تورکیا و بەهانە نەدەنه ئەو وڵاتە تا تۆپباران و بۆردومانی نێو خاکی کوردستان بکات، یان هێز بجووڵێنێت و ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن.
بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران،
دووپاتی کردەوە، پێویستە پەکەکە بزانێت کاری خۆکوژی و تیرۆر کردن و دانانەوەی تی ئێن تی و کاری چەکداری، ناگەنە چارەسەری کۆتایی، لە چەند ساڵەی ڕابردوو ئەنجامێکی نەبووە و لەمەودواش نابێ، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی دیالۆگ و بە سیاسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن و لە ڕێگەی نێودەوڵەتی بەرگری لە مافەکانیان بکەن، ئێمەش ئامادەین هاکاریان بین، بەڵام پێویستە ئەو کردارانەی دەیگرنەبەر قبووڵکراو و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەبێ
ئاماژەشی بەوەدا، بەداخەوە پەکەکە ڕیز لەسەرەوەری خاکی هەرێمی کوردستان ناگرێت، بوونەتە هۆکارێک بۆ بۆردومان و تۆپباران کردنی خاکی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە پەکەکە داواکارین ڕێز لە ئیڕادەی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بگرن، تا چیتر بەهۆی ئەوانەوە خەڵکی سڤیل باجەکەی نەدەن.
بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران، گووتیشی:” زیاتر لە 500 گوند بەهۆی پەکەکە و تۆپباران و بۆردومانەکانی تۆرکیا چۆڵکراون و هاووڵاتییان ناتوانن بەهۆی نائارامی بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەکانیان، ئەمەش کارێکی ڕەوا نییە و پێویستە ئەمنییەت و ژیان و دۆخێکی ئارام بۆ ئەو گوندنشینانە دابین بکرێت”.