مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای شاندێكی سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكات تا لە نزیكەوە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئارمیتا گراوەندی كچە كوردی كرماشان بكەن، كە ماوەیەك بەر لە ئێستا هاوشێوەی ڕووداوەكەی ژینا ئەمینی لە یەكێك لە میترۆكانی تاران بە هۆی توندوتیژیی دەزگا ئەمنییەكانەوە تووشی بێهۆشی و چوونە كۆما بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە ژێر چاودێری چڕ دایە.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دوێنێ هەینی 6ی تشرینی یەكەمی 2023، بەیاننامەكەی لەسەر ڕووداوەكەی ئارمیتا بڵاو كردەوە و داوا دەكات پێویستە بە زووترین كات ئێران ڕێگە بدات بۆ ئەوەی شاندێكی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بكات.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەكەدا نووسیویتی “بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بێهۆشی و چوونە كۆمای ئارمیتا لە میترۆی تاران بە هۆی توندوتیژیی جێبەجێكارانی یاسای حیجابەوە بووە.”
هاوكات لیژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕاگەیاند لێكۆڵینەوە لە چیرۆكی “چوونە ناو كۆما”ی ئارمیتا گراوەند دەكات، كە ساڵێك دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاكاردا ڕوویداوە.
ئارمیتە گەڕاوەندی كچە كوردی تەمەن 16 ساڵی لەدایكبووی كرماشان ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی تاران، بەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 1ی تشرینی یەكەمی 2023، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتی ئێران بە بیانووی ڕەچاونەكردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترووی (شوهەدا) ی تاران هێرشی كرایە سەر و بە توندی ئەشكەنجە كراوە و بەو هۆیەشەوە ئارمیتە بێ هۆش بووە و چووتە كۆما و تا ئێستا لە ژێر چاودێری چڕ دایە لە نەخۆشخانە .