ئیسماعیل ئیبراهیم
بەرەبەیانی ئەمڕۆ خەڵكی ئیسرائیل بە دەنگی تەقینەوەی 5 هەزار سارۆخ كە لە لایەن حەماسەوە ئاراستەی وڵاتەكەیان كرابوون، بە ئاگا هاتن.
لەم چوارچێوەیەشدا ئیسرائیل تۆڵە دەكاتەوەو ناوچەكە لە چاوەڕوای جەنگێكی خوێناویدایە.
حەماس و هاوشێوەكانی باش دەزانن بەم جۆرە هێرشانە ناتوانن بەسەر ئیسرائیل سەركەون، لەبەر ئەوەی كێشەی نێوان ئیسرائیل و فلستین رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، زۆرجار بۆ لا بردنی سەرنجی وڵاتان لەسەر شوێنێكی دیكەی جیهان لە شوێنێكی دیكە هەرایەك دەنێنەوە.
رەوایەتی مافی نەتەوەی فلستین بابەتێكە و بە سارۆخ لە ئیسرائیل گرتن چارەسەر نابێت. بەڵكو پێویستی بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی هەیە كە لۆبی گەورەی لەسەر كرابێت، بە تایبەتی لە 24 وەڵاتی عەرەبی، كە ئەم لۆبییە نابیندرێت، بە پێچەوانەوە رۆژانە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییە دیپلۆماسی، سەربازی و ئابوورییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزتر دەكەن.
بۆیە دەشێ لە پەنای داوای گەلی فلستین بۆ مافەكانیان دەستی دەرەكی هانی گرووپ گەلێك بدات بۆ نانەوەی پشێوەی بە مەبەستی جێبەجێكردنی پلانێكی قوورس و ستراتیژی لە وڵاتەكەیان و لابردنی چاوەكان لەسەر ئەو بابەتە مەبەستدارەكە، كە دەشێ یەكێك لە رەهەندەكانی پشت ئەم جەنگە بەگەڕێتەوە بۆ تاران، بۆ سەرقاڵ كردنی ئەمریكا و جیهان بەبابەتی ئیسرائیل و فلستین، لە پەنای ئەمەشەوە كۆمەڵێك مەبەستی مەترسیداری هەیە، كە یەكێكیان دەستپێراگەیشتنێتی بە چەكی ئەتۆمییە و ئەوی دیكەش كۆسپ دروستكردنە لە بەردەم رێككەوتنی ئێستای ئیسرائیل و سعودییە.
توركیاش بە رێككەوتنی سعودیە و ئیسرائیل نیگەرانە، بۆیە هێرشی ئەم بەیانییەی حەماس بۆ ئیسرائیل بە بیانووی بەرگری كردن لە فلستین ئەنجام دەدرێت، بەڵام بابەتە سەرەكییەكە بەرژەوەندی وڵاتانی دیكەیە.
جەنگێكی قورس ناوچەكە دەگرێتەوە و درێژخایەنیش دەبێت، كۆمەڵێك وڵات ئەو چەكانەی لە جەنگی ئۆكرانیا تاقییان نەكردۆتەوە و بازاڕیان بۆ نەدۆزراوەتەوە لەم تێكهەڵچوونە نمایشی دەكەن و دۆخی فلستین زۆر ئاڵۆزتر دەبێت، دانیشتووانی غەززە قوربانی و وێرانی و زیانی زۆریان بەردەكەوێت، لە كۆتایشدا بە ناوبژیوانی چەند وڵاتێك كۆتایی بە شەڕەكە دێت.