موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی
ساڵانە لە وەرزی پایز بەدواووە، بەهۆی بەفر و باران بارینەوە ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانانی قەزای سیدەکان ڕەنگی دەگۆڕێت و شێلوو دەبێت، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە، بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکەش پشت ڕاستی دەکاتەوە و هۆکارەکە بۆ زاری کرمانحی ئاشکرا دەکات.
ڕێناس وەهبی گەنجێکی دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانە و نیگەرانە لە ئاوی خواردنەوە، دەڵێت:” هەر دوو دلۆپە باران ببارن ئاوی خواردنەوەی سەرەکی سیدەکان لە سەرچاوەكەی دەبێتە قوڕاو و بەکەڵکی خواردنەوە ناهێت.
زیاتر گووتی:” حکوومەت دەتوانێ بەشێوەیەک لە شێوەکان چارەسەری ئەو گرفتە بکات، لە هیچ شوێنێک شتی وا بوونی نییە، بە باران بارینێکی کەم ڕەنگی ئاوی خواردنەوەی قەزایەک بێتە گۆڕین و خەڵک نەیخواتەوە.
لای خۆیەوە، قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” هۆکاری گۆڕینی ڕەنگی ئاوی خواردنەوەی سیدەکان و شێلوو بوون بۆ نەبوونی ” فلتەر ” دەگەڕێتەوە، چەند ساڵێکە لە کاتی باران بارین ئەو گرفتەمان بۆ دروست دەبێت.
قارەمان شێخۆ نایشارێتەوە کە دوو بەشی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانانی سەنتەری قەزای سیدەکان لە ڕووبار دابین کراوە، دەڵێت:” بەهۆی کەمی ئاوی کانی بە ناچاری دوو بەشی ئاوی ڕووبار تێکەڵ دەکەین، بۆیە لە کاتی باران بارین و زیاد بوونی ئاوی ڕووبار لەم وەرزە و لە بەهارانیشدا ڕەنگی ئاو شێلوو دەبێت و هەندێ جار بە کەڵکی خواردنەوە ناهێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، دووپاتی کردەوە:” چەند جارێک داوامان لە سەرووی خۆمان کردووە، بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک لە سەرچاوەی ئاوی سەرەکی سیدەکان و دابین کردنی فلتەر، بەڵام تا ئێستا ئەو گرفتەمان بۆ چارەسەر نەکراوە و لە چاوەڕوانیداین”.
سیدەکان لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و خاوەنی ژمارەیەک گەڕەک و 250 گوندە، رێژەی دانیشتوانانی ئەو قەزایە نزیکەی 20 هەزار کەسە .
































































