زاری كرمانجی-سۆران
بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، داواكارە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەلە بكرێت لە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی ببێتە رێگرێك لەبەردەم ئەوەی خەڵكی روو نەكەنە بڕینەوەی دارو درەخت و زیان بە ژینگەی ناوچەكە نەگەیەنن.
سیروان مزوری، بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” ساڵانە بەر لە هاتنی وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە، وەك رێكخراوێكی ژینگە پارێزی داواكاری ئاراستەی حكوومەت دەكەین، لە زوو دابەش نەكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی ژینگەی كوردستان دووچاری ویرانكاری نەبێت، بەداخەوە ساڵانە لەم وەرزەدا كەسانێك روو لە بڕینی دارو درەخت دەكەن و سروشتی ناوچەكە وێران دەكەن، بەتایبەتیش ناوچە شاخاوییەكان، بەهانەش بەوە دەهێنەوە گوایە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی روو لەم كارە دەكەن، دواجار زیانی زۆر بە بەرژەوەندی گشتی و ژینگەی وڵات و ناوچەكەمان دەگەیەنێت”.
لەگەڵ ئەوەشدا نرخی بەرمیلێك نەوت لە ئێستادا لە بازاڕەكان لە سەرووی 180 هەزار دینار دایە، لەوانەیە لەتوانای كرینی هەموو خەڵكێك نەبێت، بۆیە زوو دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان لەلایەن حكوومەتەوە بە هەنگاوێكی باشی دەزانین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەوڵبدرێت، بڕێكی زیاتر نەوتی سپی بەسەر دانیشتووانی شارۆچكەو گوندە ناوچە شاخاوییەكان دابەش بكرێت، بۆ ئەوەی ببێتە رێگرێك لەبەردەمیان كە بیانووی ئەوەیان نەمێنێت، روو بكەنە بڕینی دارو درەختەكان و تێكدانی ژینگە”.