زاری کرمانجی – سیدەکان
ماوەی چوار ڕۆژە, تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران, بە بیانووی لێدان و کردنە ئامانجی, بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی دیموکرات, بەچڕی ناوچە سنوورییەکانی دەڤەری برادۆست تۆپباران دەکات . عیماد عەلی گەنجێکی دانیشتووی بەربزین بوو, بەهۆی تۆپبارانکردنی ناوچەکە بە ناچاری روویان لە سیدەکان کردووە, بۆ زاری کرمانجی دەڵێت:” چوار رۆژە بەردەوام تۆپبارانی سنوورەکەمان دەکرێت, ئەمڕۆ گۆڕی سایێ و باسکە سێبەر لە بەربزین بە چڕی تۆپباران کردووە, پێشتریش هەریەک لە گوندەکانی بنی ڕەشکین, سەقەر, هۆڕنێ و چەند شوێنێکی دیکەی تۆپباران کردووە . زیاتر گووتی:” بەهۆی تۆپبارانەکە, هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەبۆتە قوربانی, بەڵام لە هەر بۆردومان و تۆپبارانێک کە لە ناوچەکە ئەنجام دەدرێت زیان بەر ژینگە و سرووشت دەکەوێت و ترس و دلە ڕاوێکی لای هاووڵاتی و گوندنشینان دروست کردووە, بە ناچاری ئێمە و چەند ماڵێکی دیکە بەربزین و دەورووبەرییان جێهێشت و بەرەو سیدەکان گەڕاینەوە . جێگەی ئاماژەیە, تۆپبارانەکە لە سەنتەری ناحیەی سیدەکان بە باشی هەستی پێدەکرێت, ترس و دڵەڕاوکێی لای گوندنشیان و کاسبکارانی دۆڵی زەرزێ دروست کردووە و تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە بەردەوامی هەیە . سیدەكان لە رووی کارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە, خاوەنی 250 گوندە, زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردووشدا, لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.