بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران رایگەیاند، ڕەوشی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران سەقامگیرە و بڕیارە بۆ فراوانكردنی قەبارەی بازرگانی چەند هەنگاوێكی دیكە بنێن، لەوانەش كردنەوەی مەرزی كێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
عەبدولڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە:” ڕەوشی سنووری نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران تا ڕادەیەكی زۆر سەقامگیرە و هەردوولا كار بۆ فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی نێوانیان دەكەن و ڕۆژانە لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەكانی نێوان هەرێم و ئێران بە قەبارەیەكی زۆر جووڵەی بازرگانی هەیە و ئێستا بەرەو فراوان بوون دەچێت، بەتایبەتی دوای سەردانی ماوەی ڕابردووی شاندی پارێزگای هەولێر بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كە جەخت لەسەر فراوانكردنی قەبارەی بارزگانی نێوان هەردوولا كرایەوە.”
ئاكرەیی زیاتر روونیكردۆتەوە” لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان هەردوولا بڕیارە مەرزی كێلێ لە سنووری قەزای سیدەكان بكرێتەوە، ئامادەكاریی بۆ كراوە، كردنەوەی مەرزی كێلێ دوو سوودی دەبێت بۆ هەرێم و ئێران، هەم ئەو كێشەیەی جار جار هەیە نا ئارامی سەر سنوور چارەسەر دەبێت، هەم بۆ گەشەی بازرگانی سوودی دەبێت”.