د. ئازا – زاری كرمانجی:
دینۆ میكائیل حەسەن، جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی هەڵۆ بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: یانەی هەڵۆ تاكە یانەی دەڤەری بارزانە كە چەندین ساڵە خزمەت بە لاوانی ئەو سنوورە دەكات لە بواری وەرزشییەوە و لە یارییەكانی تۆپی پێ، تێنسی سەرمێز، شەتڕەنج، تۆپی بالە، و بلیارد، بەڵام بۆ لەمەودوا ناتوانین لە چالاكییە وەرزشییەكانمان بەردەوام بین، چونكە یانەكەمان بە دۆخێكی زۆر خراپی دارایی تێدەپەڕێت و ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامی هەبێت ناچارین لە چالاكییە وەرزشییەكانمان بوەستێنین و بەشداری لە هیچ خول و پاڵەوانیەتییەكی وەرزشی نەكەین.
جێگری سەرۆكی یانەی هەڵۆ، وتی: جگە لە سەختی دۆخی دارایی یانەكەمان، یاریگە و ژووری جل گۆڕینی یاریزانەكان و پەیژەكانی دانیشتنی جەماوەریش وەك پێویست نین، زۆربەی جار لە كاتی وەرزی زستان چیمەنی یاریگەمان بە كەڵكی یاریكردن نایێت و یاریزانەكانمان دووچاری ئاستەنگی زۆر و زۆرجاریش توشی پێكان دەبن لە بەر خراپی شوێنی یاریكردن.
دینۆ میكائیل، وتیشی، ئێمە لە پلانماندا بوو كە بۆ ئەم وەرزە زیاتر پشت ببەستین بە یاریزانەكانی دەڤەرەكەمان بۆ تیپی تۆپی پێی یانەكەمان، بەڵام جێگەی داخە لەبەر ئەم هۆكارە نەرێنیانەی كە ئاماژەم پێیان كرد تاوەكو ئیستا نەمانتوانیوە ڕاهێنەر بۆ تیپی تۆپی پێی یانەكەمان دیاری بكەین كە لە خولی پلە یەكی كوردستان یاری دەكات.
دینۆ میكائیل، دەڵێت: داواكارم لە لایەنی پەیوەندیدار كە ئاوڕێكی جددی لە یانەكەمان بدەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمە دەستبكەینەوە بە چالاكییە وەرزشییەكانمان، پێویستە ڕاگەیاندنەكان بە گشتی زیاتر گرینگی بە یانەكەمان بدەن و تیشك بخەنە سەر گرفتەكانمان، بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بتوانین چارەسەری گونجاو بدۆزینەوە لە پێناو خزمەتی لاو و یاریزانەكان و بواری وەرزشی بە گشتی.