بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بە دابینكردنی شەش ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەكانی خوێندنی حكوومی لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە ” پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت لە سبەینێوە دەست پێ دەكات، پێویستە سەرجەم لیژنەكانی وەرگرتن هەروەها ناوەندەكانی خوێندن دڵنیابن لە بوونی بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانی سامانە سروشتییەكان سەبارەت بە كوالێتی نەوتی دابینكراو بۆیان، هیچ جۆرە نەوتێك وەرناگیرێت بێ بوونی بەڵگەنامەی شیاوێتی سامانە سروشتییەكان”.
زیاتر نووسراوە ” پێویستە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەم بابەتە پابەند بن بە گشتاندنی وەزارەت ژمارە (561) چونكە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە سەلامەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندكارانەوە هەیە”.