موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
دووای بە ئیدارەكردنی سۆران، بەشێكی زۆری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەی نوێ لەو دەڤەرە كراونەتەوە، لە ئێستادا بڕیار دراوە بە كردنەوەی لقی یەكێتی بەلێندەران و ستافێكی نوێی بۆ هەڵدەبژێردرێت .
شێرزاد بوڕهان بلەیی سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بە مەبەستی كردنەوەی لقێكی نوێی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لە سۆران، ڕەزامەندیمان وەرگرتووە و لە نزیكەوە سەردانی لایەنە پەیوەندی دارەكانی دەڤەرەكە دەكەین، هەفتەی داهاتوو كۆنفڕاسێك بۆ هەڵبژاردن و دیاری كردنی ستافێك بۆ ئەو لقە ئەنجام دەدەین .
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان، دەڵێت:” هەرچی كۆمپانیا و بەڵێندەرە لە سنووری هەولێر، ناوخۆی و بیانی لای ئێمە ئەندامن، بە كردنەوەی لقی بەڵێندەرانیش لە سۆران بە هەمان شیوە، ئەو بەڵێندەر و كۆمپانیایانەی لە سنوورەكە بوونی هەیە دەبێ خۆیان تۆمار بكەن و ئەندام بن لە لق، بەپێچەوانەوە هەر بەڵێندەر و كۆمپانیایەك ئەندام نەبێت هیچ پڕۆژە و تەندرێكیان پێ نادرێت .
ئاشكراشی كرد:” دەستەی كارگێڕی لقی سۆرانی یەكێتی بەڵێندەران لە حەوت كەس پێكدێن، سەرۆك و جێگر و سێ كارگێر و دوو یەدەگ، چەند بەشێكیان دەبێت، وەك یاسایی، كارگێڕی، پلان، چاودێری، بەدواداچوون و چەند بەشێكی دیكە، ئەوانەی وەك ستاف كاندیدن خەڵكی هەر شەش قەزای ئیدارەی سۆرانی تێدایە، لە هەفتەی داهاتوو كۆنفڕاسێكیان بۆ دەكەین و ئەوانەی خۆیان هەڵدەبژێرن بە فەرمی دەستبەكار دەبن”.
لە بارەی كاری ئەو لقە، ئەو بەرپرسەی یەكێتی بەڵێندەران، دووپاتی كردەوە، لە سنووری ئیدارەی سەبەخۆی سۆران، نزیكەی 70 كۆمپانیا و ژمارەیەك بەڵێندەر بوونی هەیە، هەرچی گرفتی بەڵێندەرانە لە وەزارەتەكان و پارێزگا و ئیدارە و ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگەی ئەو لقەوە چارەسەر دەكرێت و كارئاسانیان بۆ دروست دەبێت”.