زاری كرمانجی-سۆران:
رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە چەند پێشنیار و داواكاریەكی لەپێناو رێگری كردن لە دیدارەی داربڕین ئاراستەی سەرۆكی دەستەی ژینگە كرد.
هەژار ماهیر، سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” هاتنی وەرزی پایز و نزیك بوونەوەی وەرزی سەرما و سوڵە، نەبوونی سووتەمەنی پێویست وێرانكردنی ژینگەی لێ دەكەوێتەوە, لە كاتێكدا ئەمساڵ نەوتی سپی لە بازاڕ زۆر گرانە و بارودۆخی خەڵكەكەش سەختە, بەشی هەرە زۆری خەڵكی سۆران و دەوروبەری هەژار و كەمدەرامەتن و توانای كڕینی بەرمیلێك نەوتیان نییە و چەند ساڵێكیشە لەرێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە نەوت وەك پێویست بەسەریان دابەش نەكراوە، ئەوەش وایكردووە كە بەشێكیان بەناچاری روو لە بڕینی دارو درەختەكان بكەن، بەمەش زیانی زۆر بەر ژینگەی دەڤەرەكەمان دەكەوێت”.
گووتیشی: ” بۆ ئەم مەبەستە رۆژی دووشەممە 26-9-2022 وەك رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سونگەی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی ژینگەیی، چەند داواكارییەكمان ئاراستەی سەرۆكی دەستەی ژینگە كرد، وەك خێراتر كردنی دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان، هەروەها هەوڵدان بۆ پێدانی نەوتی زیاتر بەسەر دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست، بۆ ئەوەی ببێتە رێگرێك لە دیاردەی داربڕین و زیان گەیاندن بە ژینگە”.
ئاماژەی بەوەشكرد: ” سەرۆكی دەستەی ژینگە وێڕای دەست خۆشی كردن بۆ خەمخۆری رێكخراوی وار، بەڵێنی دا بە نوسراوێكی فەرمی ئەم داواكارییانە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكات”.