زاری كرمانجی – ڕواندز :
یانەی وەرزشی ڕواندز نامەیەكی بۆ زاری كرمانجی ناردووە و تێیدا باس لە وەستانی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی یاریگای بانەزێوك دەكات كە ماوەی دوو مانگە كارەكان ئەنجام نادرێن و دەبوو پێش ئێستا ئەو كارانە تەواو بكرانایە .
لە نامەكەی یانەی وەرزشی رواندز هاتووە “دوای ئەوەی پار ساڵ بڕیاری نۆژەنكردنەوەی یاریگای یانەكەمان بە ڕەسمی خرایە واری جێ بەجێكردنەوە، كە دەبووایە مانگی 9 هەمان ساڵ كۆتایی بە كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە بێت، بەڵام تا ئێستا تەواو نەكراوەو هەر جارە و بە بیانوویەك كارەكانی دوا دەخەن،”
یانەی وەرزشی رواندز لە نامەكەی دا دەڵێ “ئەوەی جێگای سەرنجە لە دەستپێكی پرۆژەكە چەند كارێكی سەرەتایی تێدا ئەنجام دران، وەك بۆیەی پەیژەكان مەنزەع ، سیاج ، ئینارەی یاریگا، بەڵام لە ئێستادا ماوەی دوو مانگە كارەكانی ڕاگیراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو كارانەی لە ڕابردوو كراون دووبارە تێك بچنەوە، بۆیە حەق نییە ئەو پرۆژەیە كە تاكە كاری گەورەیە لە شارەكەمان جێ بەجێ دەكرێتن ئا بەم شێوەیە فەرامۆش بكرێت.”
یانەی ناوبراو داواكارە لە لایەنی پەیوەندیدار خەمێك بۆ یاریگاكە بخۆن و دەڵێ “داواكارین لە لایەنی پەیوەندی دار خەمێكی جدی لێبخۆن چونكە یانەكەمان بێ یاریگایەو وا بڕوات ئەم ساڵیش یارییەكانمان لە دەرەوەی یاریگای خۆمان ئەنجام دەدەین.” .