وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتی عێراق بڕی 700 ملیاری دیكە بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەران رەوانەی هەرێم بكات.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند ” ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ئەوە داوە مووچەی مانگی 9 و 10 و 11ی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، هەروەها پێویستە مووچە بۆ مانگەكانی 7 و 8 و 12یش بنێردرێت واتە سێ مووچە دەمێنێت پێویستە پێش كۆتایی ساڵ بنێردرێت”.
ئەم پەرلەمانتارە زیاتر روونیكردەوە ” دەبێ جگە لەم قەرزە، قەرزێكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و حكومەتی فیدراڵی بڕیارێكی دی بدات بۆ ئەوەی یەك ترلیۆن و 300 ملیار دینار بنێرێت بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی ماوە، پێشموایە دوای ناردنی مووچەی مانگی 11 ئەو شتە روودەدات”.
ناوبراو گووتوویەتی “دەبێت لە 7ی مانگ تا 13ی ئەم مانگە، حكومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە هەمانكاتیشدا لە مانگی 11 هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بە تەواوی بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و پێشموایە ئەو شتە روودەدات”.