زاری كرمانجی-سۆران:
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو شێوەیەك دژی هەوڵی چەند پەرلەمانتارێك دەوەستێتەوە، كە دەیانەوێت حكوومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ دابەشبكات. پەرلەمانتارێكیش، دەڵێ: ئەوانەی داواكەی نەوەی نوێیان سەبارەت بە مووچە واژوو كردووە ئەوانەن كە مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نووسیویەتی “داواكەی نەوەی نوێ سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، یوسف كیلابی و حەنان فەتلاوی و حەسەن سالم و جەماعەتی رەیان كلدانی واژوویان كردووە، ئەمانە ئەگەر بیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدەن، ئەی بۆ بڕیویانە؟.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: پڕۆژەیەك ئەمانە پاڵپشتیی بكەن، ئێوە باشتر لە من دەزانن چی بۆ كورد تێدایە، بۆیە من هیچ ناڵێم چونكە شوكر هۆشیارە مەحوی تێدەگا دونیا خەراباتە.