د. ئازا – زاری كرمانجی:
بارزان ئەیوب، ڕاهێنەری یانەی سنوور، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لە پلانی یانەكەمانە بۆ ئەم وەرزە بەهێز و باشتر بگەڕێینەوە یاریگەكان و بۆیە دەمانەوێت زووتر دەست بە مەشق و ڕاهێنانەكان بكەین، بە دڵنییایەوە لە هەفتەی داهاتوو یاریزانەكانمان لە یاریگە دەبن.
ڕاهێنەری یانەی سنوور، دەڵێت: دوای ئەوەی چەند یاریزانێك لە یانەكەمان نەماون لە ئێستادا دەمانەوێت بە پشت بەستن بە تیپە میللیەكانی ئەو دەڤەرە ١٢ یاریزان دیاریی بكەین و سەرییان بخەین بۆ ڕیزی تیپی تۆپی پێی یانەكەمان و هەر بەوەش ناوەستین بەڵكو ئارەزوومانە كە زیاتر لە ١٠ یاریی دۆستانە لەگەڵ یانەی ئاستی جیاواز ئەنجام بدەین.
ئەو ڕاهێنەرە زیاتر دەڵێ:: پارساڵ نزیك بووین لەوەی بگەین بە ڕیزی یانە پلە یەكەكان، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو، بەڵام بۆ ئەم وەرزە دەست لە ناو دەست لەگەڵ یاریزانەكان و كارگێڕی یانەكەمان هەموو هێزی خۆمان دەخەینە گەڕ كە ئاستێكی بەرز لە یارییەكان پێشكەش بكەین و بە هیواین گەیشتنی یانەكەمان بە پلە یەك بكەین بە دیاریی بۆ هاندەرانی یانەكەمان لە شاری سۆران.