زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ئاشکرایکرد: ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ئەو پێشینانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەدرێنە ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن، دەڵێ: ھەر پێشینەیەک لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دابەش بکرێت ئەوە لە ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بانکی نیتشمانییەوە دابەش دەکرێت.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ڕاگەیاند: ھەموو ئەو کارانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقی ئەنجامدەدرێن لەلایەن بانکی نیشتمانی ھەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدەدرێن، لە عێراق بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ھەنە، ئێمەیش لە ھەرێم بانکی نیشتمانمان ھەیە ھاوشانی بانکی ڕەشید و ڕافیدەینە لە عێراق، ھەر پێشینەیەک یان کارێکی دیکەی بانکی لەلایەن ئەو دوو بانکەوە بەڕێوەببرێن ئەوە بانکی نیشتمان لەھەرێمی کوردستان ھەمان پێشینە دەداتە ھاووڵاتییان.
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان گوتیشی: یەکێک لەو کارانەی خەڵکی کوردستان دڵی پێی خۆشە لە کردنەوەی بانکی نیشتمان ئەوەیە ھاووڵاتیانی ھەرێم لە پێشینەکان سوودمەند دەبن.
مەولود سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەموو ئەو حەواڵانەی لە دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دێن لە ڕێگەی بانکی نیشتمانەوە دەبێت، خزمەت گوزارییەکانی بانکی نیشتمان بەرفراوانن و ھاووڵاتییان و بازرگان و کۆمپانیاکان سوودمەند دەبن لە کردنەوەی بانکی نیشتمان.