ئەمشەو وەزارەتی بەرگریی تورکیا رای گەیاند 20 پێگەی پەکەکەیان لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لە ناوچەكانی مەتینا، گارە، خواکورک و قەندیل بۆردوومان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی لە زاری وەزارەتەکەی بڵاو كردووەتەوە كە ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن تا كۆتایی بە چەكدارانی پەكەكە دێت.
وەزارەتی بەرگریی توركیا ئاماژەشی بەوە داوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمشەودا، فڕۆکەی جەنگییان بەکار هێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی چەکدارانی و ئۆپەراسیۆنەكانیشیان بەردەوام دەبێت.
جێی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ پەکەکە بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشە خۆكوژییەکەی سەر ئەنكەرا راگەیاند و ئاماژەی بەوە دابوو كە هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجام دراوە، ئەمشەویش وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئاشكرای كرد كە یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكە، سەر بە پەكەكە بووە.