لە قەزای رواندز بەردی بناغەی ماڵی حوزنی بۆ رۆژنامەنووسان 13 ساڵە دانراوە.
رێبین رواندزی
كاتێ ئەم خانووە لە لایەن سەندیكای رۆژنامەنووسان كڕدرا خانوویەكی جوانی فۆڵكلۆری بوو، بنمچی مابوو، باخچەیەكی جوان و دیمەنێكی جوانیشی هەبوو، بەرەحمەت بێت مام حەسەن پاچۆ و خێزانە خینجیلانەكەی لێی دەژیان و دەیانپاراست، بیرم ناهێت ئەوان لە كێیان كریبووە، بەڵام ئێستا ببینن چۆنە .
بڕیار بوو لە ماوەی دوو ساڵ پڕۆژەی ماڵی حوزنی بۆ رۆژنامەنووسان تەواو بێت، ببێتە شوێنێك بۆ ئەرشیف كردنی مێژووی رۆژنامەگەری كوردی بە تایبەتی مێژووی حوزنی موكریانی و پاشماوەكانی یەكەم چاپخانەی كوردستانی لێ دابندرێت و گەلەرییەكی سەردەمیانەشی هەبێ، كۆمەڵێك بابەتی دیكەش.
ئێنجا ئەو مەراسیمەی لە كاتی دانانی بەردی بناغەی دانرا، ئەو هەموو راگەیاندنكار و نوێنەری دامەزراوەكانی حكومی لێ كۆببوونەوە هەر مەپرسە، بەرپرسان كێشەیان هەبوو كەمەیان پێش ئەوی دی قسە بكات، نە مایك وەبەر دەكەوت نە كامیرەوانان و پەیامنێران بەردەكەوتن.
ئیتر هەر كەسەو دانانی بەردە بناغەیەی دەكردە بەرهەمی ماندووبوونی خۆی و وای وێنا دەكرد ئەگەر ئەوان نەبانە، ئەم بەردە بناغەیە هەر دانەدەندرا. وای لێهاتبوو كە گوێت لە لێدوانەكان دەگرت، هەستت دەكرد مێژووی رۆژنامەگەری كورد و حوزنی موكریانی قەرزداری ئەوانەن.
ئێستا باشترین رێگە ئەوەیە جەنابی قائیمقام و سەرۆكی شارەوانی شۆفەلێك ببەن و بەردی بناغە و ئەو چەند دیوارە فڕێ بدەنە خەرەند باشترە، هەر نەبێ ئەو دیمەنە نەشیاوە و بەردی بناغەكە نامێنێت.
دوای 13 ساڵ بۆ ئەم پڕۆژەیە لە بەرپرسانی ئەم شارە چاوەرێ باشتر ناكرێت.