شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك دەڵێت” پێش ئەوەی بخەوی هەنارێك بخوو، چونكە بەسوودترن خواردن پێش نووستن هەنارە و دوای ئەوەی كە ئەم میوەیەت خوارد هیچ شتێك بەدوایدا مەخۆ، هەروەها پزیشكانی گیادەرمانیش بەم میوەیە دەڵێن “پاككەرەوەی ژەهری لەش لابەری دەرد و برین.
د. بەدر سورچی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی گیادەرمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند”بەسوودترین میوە پێش نووستن خواردنی هەنارە، دوای ئەوەی كە ئەم میوەیەت خوارد هەوڵبدە هیچ شتێك بەدوایدا مەخۆ، ئەم میوەیە گرفتەكانی جەستە چارەسەر دەكات و هەروەها باشترین پاككەرەوەیە بۆ دەم و ددان، قورگ، گەدە، ڕێخۆڵە و …هتد، پزیشكانی گیادەرمانیش بەم میوەیە دەڵێن “پاككەرەوەی ژەهری جەستە و لابەری دەرد و برین”.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” توێژەران بەپێی ئەو توێژینەوەی كە كردوویانە پێكهاتەیەكیان لەنێو ئاوی هەنار دۆزییانەوە كە دەتوانێت ڕێگە لە گەشەسەندنی شێرپەنجە بگرێت و سوودەكانیشی بریتین لەمانەی خوارەوە:
- شەوانە خواردنەوەی پەرداخێك شەربەتی هەنار لەگەڵ تێكەڵكردنی یەك كەوچك هەنگوین، ئارەزووی سەرجێیكردن زیاد دەكات .
- دڵ چالاك و بەهێز دەكات.
- سوودی هەیە بۆ ئەوانەی تووشی سكچوون دەبن.
- كرمی شریتی گەدە و ڕیخۆڵە لە ناو دەبات.
- دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەمارەكان.
- بۆڕییەكانی هەناسە و سی چالاك دەكات.
- خوێن پاك دەكاتەوە .
- بەسوودە بۆ بەدهەرسی و ئارەزووی خواردن زیاد دەكات.
- چەوری ناو خۆراك دەتوێنێتەوە.
- ڕیخۆڵە لە پاشەڕۆكی خواردنە قورسەكان پاك دەكاتەوە .
- بەسوودە بۆ كۆكە و سنگ دەكاتەوە.
- گەرماییەكی كەم دەدا بە جەستە.
- گەرمی جگەر دادەبەزێنێت و هێوری دەكاتەوە .
- میزهێنەرە واتە میزكردن ئاسان دەكات و گورچیلە پاك دەكاتەوە.
- بۆ ئازاری ناو دەم و گەروو بە سوودە.
هەروەها پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانەش بن:
-نابێ لە یەك هەنار زیاتر بخۆیت، ئەوانەی قەبزن تەنها دەتوانن ئاوی هەناری شیرین بخۆنەوە.
-ئەوانەی شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێنیان هەیە و دووگیانن دەبێ كەم بخۆن.
-ئەوانەی شێرپەنجەیان هەیە نابێت لەكاتی وەرگرتنی دەرمانی كیمیاوی دوو ڕۆژ پێش دەرمان و سێ ڕۆژ دوای دەرمان هەنار بخۆن.